ژیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بەفرەوە سەخت بووە

دیمەنێکی بەفربارین لە باکووری کوردستان
دیمەنێکی بەفربارین لە باکووری کوردستان

شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ و سەرما ناوچە جیاجیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی داخستنی ڕێگای چەندان ناوچە و دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ.

 

باکووری کوردستان لە ژێر کاریگەریی بەفردایە

لە باکووری کوردستان، بەفربارینێکی زۆر بووەتە هۆی گیرانی سەدان ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگاکانی نێوان شارەکانی وەک دیاربەکر، ئێلی، ڕوحا و مێردین.

 بەهۆی بەفرەوە ڕێگای زیاتر لە 3600 گوند لە پارێزگاکانی وان، موش، جۆلەمێرگ، بەدلیس، سێرت، مێردین، ئێلیهـ و شرناخ داخراون. لە هەندێک ناوچەی شرناخ بەرزیی بەفر گەیشتووەتە زیاتر لە مەترێک.

کەشناسیی تورکیا هۆشداریی داوە لە بەردەوامبوونی شەپۆلی بەفربارین، بەتایبەتی لەو ناوچانەی بەفری زۆریان لێ باریوە. هەروەها، پێشبینیی دروستبوونی سەهۆڵبەندان و بەستەڵەک لە زۆربەی ناوچەکانی باکووری کوردستان کراوە.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی سەرما و سۆڵە بووەتەوە

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگای سنەی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ڕۆژی شەممە بەردەوام بێت. ئەم شەپۆلە هاوکاتە لەگەڵ بای بەهێز، تەم و مژ و کەمبوونەوەی مەودای بینین. زۆرترین کاریگەریی لەسەر شارەکانی بانە، مەریوان، سەوڵاوا، کامیاران و ناوچە ڕۆژئاواییەکانی سەقز و سنە دەبێت.

هاوکات، لە پارێزگای کرماشان پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و لە زیاتر لە 13 شار گەیشتوونەتە ژێر سفر. لە ناوەندی پارێزگاکەش، پلەی گەرما 9 پلەی سیلیزی لە ژێر سفر تۆمار کراوە. ئەم سەرما و سۆڵەیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەکاربردنی گاز، بەجۆرێک لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە 16 ملیۆن مەتر سێجا گاز بەکار هاتووە.

لە پارێزگای ورمێش، بەتایبەتی لە شاری بۆکان، بەکاربردنی گاز لە ماوەی 24 کاتژمێردا گەیشتووەتە زیاتر لە 3 ملیۆن مەتر سێجا. بۆ ڕێگریکردن لە کەمبوونەوەی ئەم سووتەمەنییە، گازی فەرمانگە حکوومییەکان، مزگەوتەکان و قوتابخانەکان بڕدراوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل