وەزارەتی بەرگریی تورکیا: مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادارە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە کۆتای بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کۆتایی پێبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە، بەهۆی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سوریا و عێراق تێگەیشتنێکی هاوبەشییان لە بواری ئاسایشی ناوچەکە دروستکردووە.

 یەشار گولەر گوتی: مەرجی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ئەوەیە هەسەدە ڕێککەوتنی 10ـی ئادار وەک خۆی جێبەجێ بکات.

جەختی لەوە کردەوە،  کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان نەهێشتنی تەواوی هەڕەشەکانی سەر وڵاتەکەیان ئامانجی سەرەکییانە.

ئەمە جاری یەکەم نییە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق دەکاتەوە.

لە 10ی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژۆ کرد کە ئامانجی سەرەکی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو لەگەڵ حکوومەتی نوێی دیمەشقدا. ڕێککەوتنەکە، کە لە هەشت خاڵ پێکهاتووە، جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، گەرەنتیکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بە کوردیشەوە، و ڕاگرتنی شەڕ دەکاتەوە. یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ڕێککەوتنە، تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بوو بە سوپای سووریاوە، کە ئەمەش بە وادەی کۆتایی ساڵی 2025 دیاریکرابوو.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل