ماچادۆ: هەڵبژاردنی نوێ چارەسەرە بۆ رزگارکردنی ڤەنزوێلا
ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ هاوڕان کە هەڵبژاردن ڕێگەیەکی نوێیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی وڵاتەکە.
ماریا کۆرینا ماچادۆ گوتی: قۆناغی ڕاگوزەر بە گەڕانەوەی دیموکراسی و بوژانەوەی ئابوری کۆتایی دێت، هاوکات ترەمپ ئاماژەی بە سەختی سەرکردایەتیکردنی قۆناغی گواستنەوەکەی کردبوو بەهۆی لاوازی پاڵپشتییە ناوخۆییەکان، سەرەڕای پێشنیازکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ.
هەروەها ماچادۆ ئاشکرای کرد، دوای ماوەیەکی زۆر لەخۆشاردنەوە، بە نهێنی ڤەنزوێلای بەجێهێشتووە، دەشڵێت، لە کاتی گەشتێکی مەترسیدار لە دەریادا بریندار بووە.
ماچادۆ ڕەتیکردەوە وردەکاری زیاتر لەسەر هەڵاتنەکەی لە ڤەنزوێلا بخاتەڕوو بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی هاوکارییان کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە (تروس سۆشیال) ئاماژەی بەوە کردبووە، لەلایەن ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشکەشکراوە.
گوتیشی، ئەم هەنگاوەی ماچادۆی وەک نیشانەیەکی گەورەی ڕێزی دوولایەنە وەسف کرد کە لە پای ئەو کارانەی ئەنجامی داون، پێی بەخشراوە.
ماریا کۆرینا ماچادۆ، کە وەک یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەرەکانی بەرەی دیموکراسی لە ڤەنزوێلا دەناسرێت، بە قۆناغە سەختەکانی خەباتی سیاسی و مەیدانیدا تێپەڕیوە.
ترەمپ لەبارەی دیدارەکەیانەوە گوتی، چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەم سەرکردەیە جێگەی شانازییەکی گەورە بووە بۆی و ماچادۆی وەک ژنێکی سەرنجڕاکێش وەسف کردووە کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە.
لە 3ـی کانونی دووەمی 2026، ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سەر ڤەنزوێلا دەستپێکرد و لە ئەنجامدا نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا و سیلیا فلۆریسی هاوسەری دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ نیویۆرک.