سارا ئۆلسڤیک: گرینلاندییەکان سیاسەتی کۆلۆنیالیزمی رەت دەکەنەوە

سارا ئۆلسڤیگ، سەرۆکی ئەنجوومەنی جەمسەری ئینویت
سارا ئۆلسڤیگ، سەرۆکی ئەنجوومەنی جەمسەری ئینویت

خەڵکی ڕەسەنی گرینلاند  جەخت لەوە دەکەنەوە کە شتێک بە ناوی "کۆلۆنیالیزمێکی باشتر" و داگیرکارێکی باشتر نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مشتومڕەکان لە پەراویزی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەسەر خواستی دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند گەرمن.

ئەم هەڵوێستەی ترەمپ، لای گرینلاندییە رەسەنەکان و گەلی ئینویت، رەنگدانەوەی هزر و بیرکردنەوەیەکی کۆلۆنیالیزمی بەسەرچووە، دۆخێکە رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەکەی نییە.

 سارا ئۆلسڤیگ، سەرۆکی ئەنجوومەنی جەمسەری ئینویت دەڵێت: پێش هەموو شتێک، ئێمە لامانوایە  شتێک نییە بە ناوی کۆلۆنیالیزم و داگیرکارێکی باشتر. ئەمە بە روونی وێنەیەکەمان نیشان دەدات و تێمان دەگەیەنێت کە ئەمریکا چۆن تەماشای گرینلاند و خەڵکەکەی دەکات. باش تێدەگەین چۆن زلهێزان تەماشای گەلە رەسەنەکان و ژمارە کەمەکان دەکەن. ئێمە کڕین و فرۆشتنی گەلان رەت دەکەینەوە.

ئەم هەڵوێستە، هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و دانیمارک. کۆپنهاگن ناکۆکییەکەی لەگەڵ واشنتۆن لەسەر گرینلاند، بە "ناکۆکییەکی بنەڕەتی" دەزانێت، لە کاتێکدا ترەمپ هەڕەشەی بەکارهێنانی باج و فشاری ئابووری کردووە بەرامبەر بەو وڵاتانەی کە پشتگیری لە هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە گرینلاند ناکەن. ئەم پەرەسەندنە سیاسییە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی گرینلاندییەکان هەیە، وایکردووە داهاتووی دوورگەکە ببێتە بابەتی مشتومڕی بەرفراوان لە هەردووک ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.

سارا ئۆلسڤیگ، سەرۆکی ئەنجوومەنی جەمسەریی ئینویت، جەخت دەکاتەوە لەوەی "سەرکردەی نیشتمانی یان سەرکردە رەسەنەکانی وەک من، بارێکی زۆر قورسمان لەسەر شانە بۆ ئەوەی بە وردی سەیر بکەین و بە وردی بیر لەوە بکەینەوە کە  لە داهاتوودا چی ڕوو دەدات؟ چونکە ئێمە ئاشتیمان لە جەمسەری باکووردا پاراستووە و  توانیومانە لە سەردەمی شەڕی سارددا ئەوە  بکەین. دەمانەوێت جەمسەری باکوور، وەک ناوچەیەکی ئارام بپارێزین کە تێیدا لەسەر بنەمای دیپلۆماسی، هاوکاریی هەمووان بکەین و ئەوانیش هاوکارمان بن."

نوێنەران و کۆمەڵگەی ئینویتییەکان لایانوایە ئەم پرسە تەنیا بەخۆیان و چارەنووسی خۆیانەوە بەندە، چونکە پەیوەندی بە "چۆنیەتی مامەڵەکردنی زلهێزە گەورەکان لەگەڵ گەلانی رەسەن و کۆمەڵگە ژمارە کەمەکانەوە هەیە."

ئەوان، جەخت لەسەر رەتکردنەوەی پۆلێنبەندی خۆیان لە بیرۆکەی ملکەچکردنی گەلان دەکەنەوە بە لۆژیکی کڕین و فرۆشتن یان سەپاندنی هێز بە ناوی پاراستنی ئاساییش یان بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بڕیاردان لە مافی چارەنووسی سیاسی دەبێت وەک بنەما بمێنێتەوە و ئەوانیش بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن.