کەرکووك.. کێڵگە نەوتییەکان بوونەتە هۆی زیادبوونی تووشبوون بە شێرپەنجە

لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی کەرکووک بە تێکرا رۆژانە سێ حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە تۆمار دەکرێن. پسپۆڕانیش هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکان بۆ پیسبوونی ژینگە و کێڵگە نەوتییەکان دەگەڕێننەوە. 

لە نەخۆشخانەی ئۆنکۆلۆجی و نەخۆشییەکانی خوێن لە کەرکووک، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە ڕوو لە زیادبوونە، بەجۆرێک ساڵانە نزیکەی 1200 حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێت، کە دەکاتە 100 حاڵەت لە مانگێکدا و سێ حاڵەت لە ڕۆژێکدا. شایەنی باسە سەنتەری چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە لە ساڵی 2016 دامەزراوە.

ژمارەیەک لە نەخۆشان و کەسوکارەکانیان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە لە نەبوونی هەندێک جۆری چارەسەری کیمیایی و تیشک لە نەخۆشخانەکەدا، کە ناچاریان دەکات تێچوویەکی زۆر بکێشن بۆ دابینکردنیان لە دەرمانخانە تایبەتەکان.

 هاووڵاتییەک بە ناوی "رەشید عوسمان" ئاماژەی بەوەدا، نرخی هەندێک دەرزی دەگاتە سەدان هەزار دینار، ئەمەش بارگرانییەکی دارایی قورس لەسەر شانیان دروست دەکات.

پسپۆڕان بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە کەرکووک دەبەستنەوە بە پیسبوونی ژینگەوە کە بەهۆی پیشەسازیی نەوتەوە دروست بووە.

شکۆفە محەممەد، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی کوردسرابێکی سەوز و یەکێک لە چالاکوانانی بواری ژینگە، ئاماژەی بەوەدا، کەمیی رووبەری سەوزایی لە شارەکەدا، کە لە 4% تێپەڕ ناکات، یەکێکە لە هۆکارە یارمەتیدەرەکان بۆ قووڵبوونەوەی کێشەکە. هەروەها گوتی، ئەم ڕێژەیە دوو ساڵ لەمەوبەر 3.8% بووە و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ زیادکردنی، هێشتا زۆر لە ڕێژە ستانداردە جیهانییەکانەوە دوورە.

سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە کارگێڕیی نەخۆشخانەکە دەیدات بۆ پێشوازیکردن لە سەدان نەخۆش لە ڕۆژێکدا و دابینکردنی ئەو چارەسەرانەی کە بەردەستن، بەڵام کەمیی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان هێشتا گەورەترین ئاستەنگە. دانیشتووانی کەرکووک هیوادارن کە هەموو چارەسەرەکان لەناو شارەکەدا دابین بکرێن بۆ کەمکردنەوەی ئازار و تێچووی چارەسەرکردنیان لە شارەکانی تر.