خدر مەنتك
نووسەر
سەرۆکی کوردان؛ لە پیرمامەوە بۆ ڤاتیکان
1- لە فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرندا، نەتەوەکان لە کاتی کێشە و ئاڵنگارییە گەورەکاندا ڕووبەڕووی جۆرێک لە هەژانی وجوودی دەبنەوە. لەم ساتەوەختانەدا، جیاوازیی نێوان (مانەوە و فەوتان) لە بوونی (مەرجەعییەتێکی سیاسی و مێژوویی)دا کورت دەبێتەوە.
ئەمڕۆ، کاتێک سەیری نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتاییبەتیش دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین، تێدەگەین کە بۆچی کورد لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە سەرۆک مەسعوود بارزانی هەیە. بارزانی لێرەدا تەنیا وەک ڕێبەرێکی سیاسی دەرناکەوێت، بەڵکو وەک چەقی سەقامگیری و باوکی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لە ناو جەرگەی ئەو ئاژاوە نێودەوڵەتییەی لە سووریا کە بەرۆکی کوردی گرتووە دەردەکەوێت.
2- مەرجەعییەتی بارزانی تەنها پلەوپایەیەک نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. لە زانستی کۆمەڵناسی سیاسیدا کاتێک دامەزراوەکان لە بەرامبەر گۆڕانکارییە خێراکاندا تووشی ئیفلیجی دەبن، مەرجەع دەبێتە ئەو بکەرە تاقانەیەی کە ڕەوایی و ئاڕاستە بە کۆمەڵگە دەبەخشێتەوە.
سەردانی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و پێشوازیی لێکردنی لەلایەن پاپاوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە جیهان تەنیا وەک سەرۆکی حزبێک سەیری ناکات، بەڵکو وەک (باوکی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت) مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەمە گواستنەوەی کێشەی کوردە بۆ ناو ویژدانی جیهانی و چەسپاندنی وەک پێویستییەکی مۆڕاڵی و مرۆیی لە بەرزترین ناوەندی بڕیاری ئایینی و سیاسیی جیهاندا.
3- ئەو قەیرانە قووڵەی کە لە سەرەتای ساڵی 2026دابەرۆکی ڕۆژئاوای کوردستانی گرت، وێنەیەکی تەمومژاوی بۆ داهاتووی کورد کێشاوە. کشانەوەی تاتیکیی هێزە نێودەوڵەتییەکان و هێرشە دڕندانەکانی چەکدارەکان بۆ سەر گوندەکانی کۆبانێ و تاڵانکردنی ماڵی خەڵک، کوردیان خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی. لێرەدا بارزانی وەک فریادڕەس دەرکەوت و پیرمام بوو بە چەقی بڕیاری چارەنووسی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان. سەرۆک بارزانی لەم ساتەدا هەموو قورسایی و کاریگەریی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزێت. هەوڵە بێوچانەکانی بۆ گەیشتن بە فەرمانی کۆماری لەگەڵ ئەحمەد شەرع، شۆڕشێکی سپی بوو لە بواری سیاسییدا. ئەم فەرمانە تەنها دەقێکی یاسایی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەو متمانە مێژووییەیە کە تەنها بارزانی هەیەتی. ئەو توانی لە ڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسییەوە، ئەوە بپارێزێت کە خەریک بوو لە مەیدانی جەنگدا لەدەست بچێت.
4- ئەمڕۆ جیهان شایەدی دیمەنی سەردانی سەرۆک بارزانی بوو بۆ ئیتاڵیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا. تایانی بەناوی حکوومەتی وڵاتەکەیەوە ستایشی ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی کرد لە پاراستنی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا. ئەم دیدارە پەیامێکی ڕوونی بۆ هەموو نەیارانی کورد تێدابوو: "کورد خاوەنی هەیە و ئەم خاوەنەش کلیلی سەقامگیریی ناوچەکەیە". شرۆڤەی سیاسیی ئەم سەردانە پێمان دەڵێت؛ کە بارزانی سەرقاڵی دروستکردنی "پارێزبەندییەکی ئەخلاقی و نێودەوڵەتییە" بۆ ڕۆژئاوای کوردستان تاوەکو دووریان بخاتەوە لە هەر ئەگەرێکی وێرانکاری. ئەو دەزانێت کە چەکەکان بە تەنها ناتوانن قەوارە بپارێزن، بەڵکو پێویستت بە دانپێدانانی جیهانی هەیە. بارزانی ئەو کەسەیە کە لەگەڵ پێشمەرگەدا بە زمانی چیا، و لەگەڵ پاپا و وەزیرانی جیهاندا بە زمانی بەرژەوەندییە باڵاکان دەدوێت.
5- یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکانی سەر نەتەوەی کورد لەم قۆناغەدا، پەرتەوازەیی لایەنەکان بوو. لێرەدا، سەرۆک بارزانی وەک "چەترێکی نەتەوەیی" دەرکەوت. هەوڵەکانی بۆ میانگیری لەگەڵ مەزڵوم عەبدی و نزیککردنەوەی دیدگای لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو مەرجەعێکە بۆ هەمووان. لە غیابی مەرجەعییەتێکی وەک بارزانیدا، نەتەوەکەمان دەبووە پارچە پارچەی پەرتەوازە لە ناو بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا.
ئەو بەو پەیوەندییە ستراتیژییانەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەیەتی، توانیویەتی کورد بکاتە بکەرێکی ئەکتیڤ (Active) کە لەسەر مێزی گفتوگۆکان حسابی بۆ بکرێت. حیکمەتی بارزانی لەوەدایە کە دەزانێت کەی شمشێر لە کێلان دەربێنێت و کەی بە قەڵەمی دیپلۆماسی، نەخشەی نوێ بکێشێت. وەک چۆن لە ڕۆما جەختی لێکرایەوە، هەوڵەکانی سەرۆک بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و پاراستنی کوردانی سووریا، جێگەی پێزانینی قووڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
6- ئەمڕۆ، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، جیهان سەیری پیاوێک دەکات کە مێژووی دوێنێی بە خوێن نووسی و ئەمڕۆش داهاتووی نەتەوەکەی بە حیکمەت دادەڕێژێتەوە. بارزانی ئەو مەرجەعەیە کە کورد لە هەر پارچەیەک بێت، کاتێک ڕوو لە حیکمەتی دەکات، دڵنیایە لەوەی شکۆی نەتەوەیی لە دەستێکی ئەمیندایە. سەردانەکەی بارزانی لە پیرمامەوە بۆ ڤاتیکان، ڕێگەیەکە کە تێیدا حیکمەت، شکۆ و پاراستنی نەتەوە یەکدەگرن. کورد پێویستی بە بارزانییە، چونکە ئەو تاکە زەمانەتی مانەوەی شکۆی نەتەوەیە لەم سەردەمە پڕ لە مەترسییەدا.
مەرجەعیەتی بارزانی تەنها ناونیشانێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەو ڕایەڵە مێژووییەیە کە لە کاتی پچڕانی هەموو هیوایەکدا، پارچەکانی نەتەوە بە یەکترییەوە دەبەستێتەوە و ڕێگری لە ونبوونی شوناس دەکات؛ بارزانی ئەو ڕایەڵەیە کە کوردستانی لە هەناوی گەردەلوولەکاندا بە زیندوویی هێشتووەتەوە.