حەوت هەنگاو بۆ چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان

پەرەدان بە ململانێ و ناکۆکی نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە، دەسکەوتە مامناوەندییەکەی رۆژئاوا بەرەو خاڵی سفر ئەبات

حەوت هەنگاو بۆ چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان
حەوت هەنگاو بۆ چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان

دۆخی هەستیار و ناسکی کورد لە رۆژئاوا، جیا لە هەڕەشەی پێوەندیدار بە رەهەندە بیانی و هۆکارە جوگرافیاییەکان، خاوەن داینامیکی دەروونی تایبەتییە. ئەم داینامیکە، لە کاتی خۆیا ئەتوانێ وەکوو توانا و سەرچاوەی ورەبەخشێن و وزەسازی بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا و لە مەرجی جیاوازدا ئەکرێ ببێتە هۆکاری بنکەوتن و شکست. 

لەوانەیە لە روانگەی زۆر کەسەوە، پرسیاری سەرەکی ئەمە بێت: کورد لە رۆژئاوا چی وەدەس هێنا و بۆچی ئەم دەسکەوتە لەگەڵ ئاوات و ئامانجە گەورەکاندا مەودای زۆری هەیە؟، بەڵام من پێموایە بەرپرس و نوخبەی سیاسی کورد، نابێ کاتی خۆی بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەمجۆرە پرسیارانە سەرف بکات. ئەم پرسیارە، نەک هەر سەرەکی و بنەڕەتی و حەیاتی نییە، کۆمەڵێک دواهات و ئەنجامی سەلبی و ناکۆکی تازە لەگەڵ خۆیدا ئەهێنێ. پێشنیاری من ئەوەیە، بیر لەم پرسیارە بکەینەوە: 

لە ئێستادا دامەزراوەی سیاسی کورد لە رۆژئاوا ئەبێ چیبکات؟

حەوت هەنگاوی چارەنووسساز

1.کورد لە رۆژئاوا، پێویستی بە بڕیارێک هەیە لە ئاو و نان و هەناسە گرینگتر: بڕیارێک بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی نیشتمانی بە بەشداری هەموو حزب و بزاڤ و لایەنەکان. ئەگەر پەیەدە و هەسەدە بیانەوێ بە تاقی تەنیا بڕۆنە پێشەوە و دەرگا لە پارت و لایەنەکانی ناو ئەنەکەسە (ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا) نەکرێتەوە، لە زووترین کاتدا، ئەم ئەزموونەی کورد لەباردەچێ و هەر ئەم دەسکەوتەی ئێستاش وا لە ئاستێکی مامناوەندیدایە، ئەسووتێ و نامێنێ.

2.یەکێک لەو بیانووانەی تورکیا بۆ هێرشی بەردەوام بۆ سەر رۆژئاوا، تێکەڵبوونی چارەنووسی سیاسی پەکەکە و ئۆجەلانە لەگەڵ هەموو بڕیار و کردەوەیەکی کوردانی رۆژئاوا. دیارە دوای خەبات و تێکۆشینی زیاد لە 40 ساڵ و ئەو هەموو شەهید و فیداکارییە، پێوەندییەکی مەعنەوی و سۆزداری زۆر پتەو لە نێوان کوردی رۆژئاوا و پەکەکەدا ساز بووە و کەس ناتوانێ رێگا لەو خەڵکە بگرێ کە خۆشەویستی خۆیان لە بەرامبەر ئۆجەلان و سەرکردەکانیتر دەرنەبڕن. نەخێر. ئەوە دۆخێکی مەعنەوی و گرێدراوی مۆراڵ و ئەخلاقییاتە و بۆ دەستێوەردان نابێ. بەڵام کە دێینە سەر باس و بابەتی رێکخستن، ناوەندی بڕیاردانی سیاسی کورد لە سووریا دەبێ لە زووترین کاتدا خۆی بە پێی هەلوومەرجی نوێ، سەرلەنوی ساز بکاتەوەو بە واتای روون و راست، سەربەخۆ بێت لە پەکەکە و پارتی و هەموو لایەنێکیتر. ساتەوەختی مێژوویی بۆ ناوەندی بڕیاردانی سیاسی کورد لە رۆژئاوا، ئەو وەختەیە کە بتوانێ بە بوێری و راشکاوانە بڵێ: هەموو بابەتێکی سیاسی و رێکخستنی کوردی رۆژئاوا بە یەستۆی خۆمانە و وێڕای رێز و دەستخۆشی بۆ قەندیل و سلێمانی و هەولێر، ئەوەی خۆمان بە چاکەی بزانین، ئەبێتە بڕیاری کۆتاییمان. کە وایە دەبێ لە ناوەندی نوێدا بە پێی ئەنجامەکان کۆنگرەی پێشنیارکراو، ئەبێ هەموو لایەنێک بەشدار ببن.

3.یەکێک لە تاڵترین رووداوەکانی رۆژئاوا ئەو حاڵەتانەیە وا چەکداری کوردی یەپەگە هەڵیکوتاوەتە سەر ئەنەکەسە و ئەوانی بێبەش و بێوەری کردووە لە ئەکت و کردەوەی سیاسی و رێکخستنی و تەنانەت سووکایەتی کراوە بە ئاڵا و بەها مەعنەوییەکان. هەر بۆیە ناوەندی سیاسی کورد لە رۆژئاوا دەبێ راشکاوانە و لێبڕاوانە ئەم بڕیارە رابگەینێ: لە مەلا مستەفای بارزانی تا قازی محەممەد و دواتر تا دەگاتە مەسعود بارزانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، هەر هەموویان بەهای کوردی و سەرچاوەی رێز و کەرامەتی نەتەوەیین و هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە سوکایەتی بە هیچکام لە سەرۆک و رێبەرە کوردییەکان بکات.

4.یان لە زووترین کاتدا کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی هاوبەش دابمەزرێنرێت، یان بە هەموو جۆرە شەڕی میدیایی و تارۆز و قسە و قسەڵۆکی جەرگبڕ، کۆتایی بهێنرێ.

5.لە ژەهری مار خراپتر و کوشندەتر بۆ ئایندەی کورد لە سووریا، شەڕەقسەی بەمشێوەیە دەبێ: "کەسێکی ناو پەیەدە بڵێ: کە من و هاوڕێکانم لە بەرەی شەڕ چەکمان بەدەستەوە بوو، تۆ و هاوڕێکانت لە هۆتێل و مۆتێلەکانی تورکیا و ئەوروپا خەریکی گەڕان بوون. کە وایە ئەبێ هەموو شتێک بە قسەی من بێت... ئینجا کەسێکی ناو ئەنەکەسە ئاوەها وەڵام بداتەوە: کاکە وا نییە بە کە باوک و باپیرانی ئێمە 70 ساڵ لەمەوبەر یەکەم پارتی کوردی سووریایان دامەزراند، ئێوە هەر لەدایکنەبووبوون!" لە بەرامبەردا ئەم شەڕەقسە کوشندەیەدا چارەمان چییە؟، ئەبێ بە پێی فۆڕموولەکەی بابا تاهیر بکەین کە ئەفەرموێ: "تەرازوو بێنن، خەمان بپێون، کێ خەمبارتر بێ، گەورەتر دەبێ"؟ نەخێر... تەرازوی متمانەپێکراو، گەل و جەماوەرە. ئیزن بە کار و چالاکی سیاسی بە هەموو لایەنێک بدرێت، هەموو بڕیارێک بە پێی ئاستی پشتیوانی خەڵک جێبەجێ بکرێت.

6.دامەزراوەی سیڤیل یان مەدەنی بۆ رۆژئاوا، لە هەموو بوارەکانی پەروەردەیی و چاندی و ئابووریدا پێویستە. خۆزگە حزب و حزبایەتی هێندە تووشی هەڵمسان نەبێ کە رێگا لە هەموو ناوەندێکی مەدەنی بگرێ و دواتر ناوەندی بەناومەدەنی خۆی ساز بکات!.

7.ئەگەر کەشوهەوای گونجاو بۆ بەشداری و چالاکی کەرتی تایبەتت بڕەخسێندرێ، کۆمەڵێل لە کێشە گەورەکانی پێوەندیدار بە ژێرخان و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی رۆژئاوای کوردستان، بە دەستی بازرگان و پەیمانکار و سەرمایەدانەر و ئەندازیاری کورد، چارەسەر دەبن. وەک ئەبینین لە ئێستادا سعوودیە ئەیەوێ بە شەراکەت و هاوبەشی سووریا، ئێرلایب و هێڵی هەڵڕفێن دامەزرێنێ. دڵنیام کوردانیش ئەتوانن لە ئاستێکی نزمتر و بۆ پرۆژەی بچووکتر، لە رۆژئاوا کاری ئابووری بکەن.