تورکیا: بنکەی ئینجیرلیک لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانماندایە
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رێکارە سەربازییەکانی لە بەرانبەر هێرشەکانی سەر ئێران و لوبنان ئاشکرا دەکات.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی، 13ی ئاداری 2026، چوارەم مووشەکی بالیستی لە خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، هاتە ناو کایەی ئاسمانیی تورکیاوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم مووشەکە لەلایەن یەکە بەرگرییە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)ـەوە لە ناوخۆی تورکیا تێکشکێنراوە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوەی ورد لە پاشماوەکانی بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگری راشیگەیاند، جگە لەو سیستەمە پاتریۆتەی ئیسپانیا پێشتر لە ئەدەنە جێگیر کرابوو، سیستەمێکی تری پاتریۆت لەلایەن فەرماندەیی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە ئەڵمانیاوە رەوانەی ئەدەنە کراوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا، تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان دووپات کردەوە و هێرشەکانی ئیسرائیلی بە پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو برد. تورکیا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ راگرتنی ئەم گوشارانە جێبەجێ بکەن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا روونکردنەوەی داوە و جەختی کردەوە، بنکەی ئینجیرلیک موڵکی کۆماری تورکیایە و لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزە چەکدارەکانی تورکیادایە. جەختی لەوەش کردەوە، هەبوونی سەربازانی ئەمریکا لەو بنکەیە لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ناتۆ و رێککەوتنی دووقۆڵییە بۆ ئەرکی پشتگیری و بەرگریی ئاسمانیی تورکیا.