ئیکۆنۆمیست: 3 هۆکار پلانی ئیسرائیلیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران گۆڕی
گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی ئاشکرای دەکات، سوپای ئیسرائیل پلانی هەبووە هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران تا هاوینی 2026 دوابخات، بەڵام سێ گۆڕانکاریی کتوپڕ لە هاوکێشە سیاسی و هەواڵگرییەکاندا، تەلئەڤیڤیان ناچار کرد پێشوەختە و بە هاوکاری واشنتن هێرشەکە ئەنجام بدەن و رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بکەنە ئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست"، سوپای ئیسرائیل پلانی هەبووە هێرشە سەربازییەکەی بۆ سەر ئێران تا هاوینی داهاتوو دوابخات، ئەوەش بەهۆی چاوەڕوانیکردن بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و مووشەکی بەرگری کە لە سەری ساڵی 2025دا بەکارهێنرابوون، بەڵام چەند گۆڕانکارییەک هاوکێشەکەیان سەرەوژوور کردەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تەلئەڤیڤ دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژەی مانگی حوزەیرانی 2025، دەستی بە داڕشتنی پلانێک کردبوو بۆ لێدانی بنکە مووشەکییەکان و کارگەکانی دروستکردنی چەک لە ئێران، بەڵام سوپای ئیسرائیل دەیویست تا تەواوبوونی جبەخانە سەربازییەکانی و گەیشتنی مووشەکی بەرگری نوێ، هێرشەکە ئەنجام نەدات.
ئیکۆنۆمیست دەڵێت، سێ هۆکاری سەرەکی بوونە هۆی ئەوەی ئیسرائیل لە پلانەکەی پاشەکشە بکات و پێشوەختە هێرشەکە ئەنجام بدات:
1- خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران: سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو، کە بووە هۆی لاوازبوونی زیاتری پێگەی رژێمی تاران.
2- بەڵێنەکەی ترهمپ: دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پاڵپشتی راستەوخۆی بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران دا، ئەمەش گڵۆپی سەوزی بۆ بڕیاربەدەستانی تەلئەڤیڤ هەڵکرد تا لە قۆناخی پلانەوە بچنە قۆناخی جێبەجێکردن.
3- هەلی هەواڵگریی دەگمەن: گەورەترین و یەکلاکەرەوەترین هۆکار، دەستکەوتنی زانیاری هەواڵگریی ورد بوو لە کۆتایی مانگی شوبات سەبارەت بە شوێنی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی؛ تەلئەڤیڤ ترسی هەبوو ئەو هەلە زێڕینە لەدەست بدات، بۆیە بڕیاری دا دەستبەجێ هێرشەکە ئەنجام بدات.
لە 28ی شوباتدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشیان دژی ئێران ئەنجامدا، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی کوژرا و ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتە تێکشکێنرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرشە تۆڵەسێننەوەکانی ئێران بە مووشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەردەوامن.