موجتەبا خامنەیی: درۆنەکانمان وەکو بروسک لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەن
بەبۆنەی رۆژی سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هێزەکانی سوپا، خێزانەکانیان و گەلی ئێران کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە؛ ناونانی ئەم رۆژە بە دەسپێشخەرییەکی "حەکیمانە"ی خومەینی بووە و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وەک خاڵی وەرچەرخان و کۆتاییهێنان بە سەردەمی لاوازیی سوپا وەسف کراوە، کە پێشتر لەلایەن "دوژمنانی ناوخۆیی و دوژمنانی دەرەکییەوە" بەسەر سوپادا سەپێندرابوو.
فەرماندەی گشتیی جەختی کردەوە؛ سوپا ئێستا لە پێگەی راستەقینەی خۆیدایە و لەبری ئەوەی سەر بە "سیستەمێکی تاغوتی و گەندەڵ بێت"، لە باوەشی گەلدایە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، سوپا توانیویەتی بەرەنگاری پلانەکانی ئەمریکا، پاشماوەکانی رژێمی پێشوو و "جوداخوازان" ببێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لە تواناکانی ئێستای سوپا کراوە و هاتووە: "سوپا بە توندی بەرگریی لە خاک و ئاو و ئاڵای وڵات دەکات و دوشادوشی هێزە چەکدارەکانی دیکە، لاوازیی بەرەی کوفر بۆ جیهان دەرخستووە." هەروەها ئاماژە بە رۆڵی درۆن و ئامادەیی هێزی دەریایی کراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان. کە وەکو بروسک لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات.
سەبارەت بە پەرەپێدانی تواناکان، لە پەیامەکەدا جەخت کراوەتەوە، هێڵی پێشکەوتنی سوپا لە باکوور تا باشوور و لە رۆژهەڵات تا رۆژئاوای وڵات بەردەوام دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا رێنمایی نوێ بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەم دامەزراوەیە دەردەچێت.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رێزی لە یادی فەرماندە و قارەمانە شەهیدەکانی سوپا گرت، لەوانە: (قەرەنی، فەلاحی، نامجوو، فەکوری، بابایی، سەتاری، ئەردەستانی و سەیاد شیرازی) و هەروەها "دوایین شەهیدە ناودارەکان" (سەید عەبدولڕەحیم موسەوی و عەزیز نەسیرزادە). هەروەها بۆ خێزانی شەهیدان و بریندارانی "جەنگی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دژی گەلی ئێران" نێردراوە.