چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە

بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازيان ئەنجام دا، تاوەکوو بڕیاری کۆتایی لەسەر دیاریکردنی کاندیدەکەیان بدەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 24ـی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازيان ئەنجام دا.

پێشتر، چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەر سێ کۆبوونەوەی رۆژانی شەممە، دووشەممە و چوارشەممەی رابردوودا، شکستی هێنابوو لە رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بەو هۆیەوە بڕیاری یەکلاکردنەوەی پرسەکە بۆ هەینی دواخرابوو.

پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، ئەمەش گەورەترین فراکسیۆن دەخاتە بەردەم وادەیەکی دەستووری کە لە 26ـی نیسانی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی کاندیدەکەیان پێشکەش بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسیی ئەوە دەکرێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفری چەقبەستوویی سیاسی.

لە لایەکی دیکەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرچاوەکان ئاشکرایان کردبوو کە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ناوی "ئیحسان عەوادی" وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت پێشنیاز کردووە، لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ناوی "باسیم بەدری" بۆ هەمان پۆست خستووەتە روو.