عێراقچی: ئێران قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەست پێدەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرکردایەتیی چین پێی وایە ئێرانی دوای جەنگ خاوەنی پێگەیەکی نێودەوڵەتیی بەهێزترە، ئەمەش دەرگایەکی نوێ بۆ هاریکاریی ستراتیژی لە نێوان تاران و وڵاتانی جیهان دەکاتەوە.
چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە شاری پەکین و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی، بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: کە پەکین پێی وایە ئێرانی قۆناغی دوای جەنگ بە تەواوی جیاوازە لە قۆناغی پێشتر، ئەمەش وای کردووە قۆناغێکی نوێ لە هاریکاری و پەیوەندی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەدا بێتە ئاراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: دۆستە چینییەکانمان پێیان وایە کە پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران بەرزتر بووەتەوە و وڵاتەکەمان توانا و هێزی خۆی سەلماندووە، لەبەر ئەوە قۆناغێکی نوێ لە هاریکاری لە نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان دەست پێدەکات."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەی لەگەڵ هاوتا چینییەکەی کرد و رایگەیاند: "پێداچوونەوەیەکی گشتگیرمان بۆ سەرجەم پرسە هەنووکەییەکان کرد، لەوانە پرسی جەنگ و چۆنیەتیی کۆتاییهێنان پێی، دانوستانەکانی ئێستا، پرسەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتییانەکەی ئێران و، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە سزاکانی سەپێنراو بەسەر وڵاتەکەماندا، سەرباری تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی جیاوازی دووقۆڵی."
سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە و دەروازە ئاوییەکان، عێراقچی جەختی کردەوە کە: "پرسی گەرووی هورمز و پێویستیی لەبەرچاوگرتن و پاراستنی مافەکانی ئێران لەو گەرووەدا، یەکێک بوو لە پرسە زۆر جیدییەکان کە گفتوگۆمان لەسەر کرد، لەم رووەوە تێڕوانینە جیاوازەکانمان ئاڵوگۆڕ کرد."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای دیپلۆماسی گەیشتە شاری پەکینی پایتەختی چین. لە میانی ئەم سەردانەدا، عێراقچی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین بە وردی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد و، دووپاتیشی کردەوە کە "ئێران لە رێبازە دیپلۆماسییەکەی خۆیدا زۆر جیدییە و هەڵوێستێکی نەگۆڕی هەیە."