هاککەرێک دەستگیرکرا زیانێکی زۆری بە ئەمریکا گەیاندووە

پۆلیسی وڵاتی مۆنتینیگرۆ رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا  'FBI'، هاووڵاتییەکی ئێرانییان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانی ئەمریکا، کە بڕی زیانەکانی بە 3.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

تۆمەتبارەکە تەمەنی 39 ساڵە و هەڵگری هەردوو رەگەزنامەی ئێرانی و تورکییە، دادگای نیویۆرک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە بە تۆمەتی پلانگێڕی بۆ فێڵکردنی ئەلیکترۆنی، هاککردن، دزینی زانیارییە کەسییەکان، پۆلیسی مۆنتینیگرۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لە شارۆچکەی 'کۆتۆر'ـی کەنار دەریا کراوە.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، ئەم کەسە لە ساڵی 2013ـەوە چالاک بووە و هێرشی ئەلیکترۆنی بەرفراوانی کردووەتە سەر زیاتر لە 150 زانکۆ لە ئەمریکا، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی زیانێکی دارایی گەورە کە دەگاتە 3.4 ملیار دۆلار.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە سوپای پاسدارانی ئێران و چەند دامەزراوەیەکی تری ئەو وڵاتە، لەنێویاندا زانکۆکانی ئێران، سوودمەند بوون لەو زانیاری و داتایانەی کە تۆمەتبارەکە لە رێگەی هاککردنی ئەژماری زانکۆ ئەمریکییەکانەوە دەستی کەوتووە.

لە ئێستا تۆمەتبارەکە رادەستی دادگای باڵای "پۆدگۆریتسا"ـی پایتەختی مۆنتینیگرۆ کراوە، تاوەکو رێکارە یاساییەکانی رادەستکردنەوەی بە ئەمریکا دەستپێبکات.

ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە کە دەزگا هەواڵگریی و ئەمنییەکانی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا هۆشدارییان دابوو لە زیادبوونی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئەمریکا.