دەم پارتی: شاندێکی دایکانی ئاشتی سەردانی مەهەپە و پارتە سیاسییەکان دەکەن
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، شاندێکی "دایکانی ئاشتی" بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی، زنجیرە سەردانێکیان بۆ لای پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێکردووە و یەکەم وێستگەی سەردانەکەشیان پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی ئایاری 2026 ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکی پارتەکەی لە ئەنقەرە، دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی خستە ڕوو.
لە دەستپێکی قسەکانیدا ئایشەگول دۆغان پیرۆزبایی لە یانەی ئامەدسپۆر کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی ئامەدسپۆر بووە هەناسەیەک بۆ دەنگی ئەو ملیۆنان کەسەی داوای دیموکراسی و ئاشتی دەکەن.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پیرۆزباییە فراوانەی لەلایەن کەسایەتییە جیاوازەکانەوە ئاراستەی ئامەدسپۆر کرا، نیشانەی تینوێتی کۆمەڵگەیە بۆ چەمکەکانی وەک ئازادی، یەکسانی و پێکەوەژیان.
گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتی پرۆسەی ئاشتی بگرێتە ئەستۆ و رایگەیاند، "پێویستییەکی بنەڕەتی تورکیا، هەبوونی ئیرادەیەکە کە چارەسەری دیموکراسی و ئاشتییەکی بەردەوام بکاتە ئامانج، ئێمە ساڵانێکە بێوچان ئەم داوایە دووپات دەکەینەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئایشەگوڵ دۆغان باسی لە فشارەکانی سەر زمانی کوردی کرد و گوتی، "تاوەکو ئێستاش زمانی کوردی ئامانجی سیاسەتی جیاکارییە، مافە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن بە زمانی دایک و وەرگرتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە کوردی، بە کردەیی قەدەغەکراون، ئازادی زمانەکان نەک تەنیا هۆکاری لێک تێگەیشتنە، بەڵکو هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی."
سەبارەت بە دەستپێشخەرییە نوێیەکەیان، گوتەبێژی دەم پارتی ئاشکرای کرد کە لە ئەمڕۆوە یاوەری شاندێکی "دایکانی ئاشتی" دەکەن بۆ سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان. گوتیشی: "بەبۆنەی ڕۆژی دایکانەوە، دایکان سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەن. یەکەمین دیدارمان لەگەڵ پارتی مەهەپە (MHP) دەبێت. دواتر سەردانی پارتەکانی گەلەجەک، دەوا و سەعادەت دەکەین. بەیانیش شاندەکەمان لەگەڵ جەهەپە (CHP) کۆدەبێتەوە و بەرنامەمان هەیە سەردانی پارتی دەسەڵاتداریش (ئاکپارتی) بکەین."
دۆغان ئامانجی ئەم سەردانانەی گەڕاندەوە بۆ هەوڵدان بۆ "کۆتاییهێنان بە گریان و ناڵەی دایکان، جێگیرکردنی ئاشتی، بێدەنگکردنی چەکەکان و کردنەوەی کایەی سیاسەتی دیموکراسی، تاوەکو هەموو کەسێک هەست بە ئازادی و یەکسانی بکات."