ئێران و پاکستان جەخت لە چارەی دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان دەکەنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران و هاوتا پاکستانییەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. هەردوو لا جەختیان لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ کردەوە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاوی کردەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ نوێترین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی ناوچەکە کرد.

هەروەها دووپاتیان کردەوە، کە بۆ پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان، پێویستە پرۆسەی گفتوگۆ و دیپلۆماسی بەردەوام بێت و بازنەی هاریکاریی بونیادنەرانە لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا فراوانتر بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بەرپرسێکی پاکستانی کە بەشدارە لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان هەردوو ئێران و ئەمریکا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو: "لە پێشینەی کارەکانمان ئەوەیە کە کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بۆ جەنگ رابگەیەنن، دواتر دەکرێت پرسەکانی دیکە تاوتوێ بکرێن هەرکە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانە راستەوخۆکان".

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی پاکستانی و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە پرۆسەی نێوەندگیرییەکە ئاشکرایان کردبوو، کە ئەمریکا و ئێران نزیکن لە رێککەوتن لەسەر یاداشتێکی یەک لاپەڕەیی کە بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە ململانێکان دەهێنێت.