ترەمپ بۆ کوردستان24: بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق دڵخۆشم
سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق نیشان دەدات.
ئەمڕۆ شەممە، 09ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، باسی لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، عەلی زەیدی کرد.
ترەمپ، بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت، "ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە عێراق رووی داوە زۆر باش بووە و من بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو (عەلی زەیدی) دڵخۆشم".
ئەمە یەکەم لێدوانی سەرۆکی ئەمریکایە لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لە دوای راسپاردنی عەلی زەیدی، بۆ پێکهێنانی کابینەکە.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، 06ـی ئایاری 2026، پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە زەیدییەوە کرد و پیرۆزبایی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لێ کرد.
پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا پشتیوانیی خۆی بۆ راسپاردنی عەلی زەیدی، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راگەیاندبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشتر ترەمپ بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ راسپاردنی نووری مالیکی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راگەیاندبوو و داوای گۆڕینی کردبوو؛ هەر بۆیە زەیدی لە جێگەی مالیکی راسپێردرا.
عەلی فالح زەیدی لە 27ـی نیسانی 2026 لەلایەن نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراقەوە بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راسپێردرا، ئەمەش دوای ئەوە هات لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر کاندیدکردنی رێککەوتن.