ترەمپ رژدە لەسەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بۆ ماوەی 20 ساڵ
سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ پەکین رایگەیاند، کە وەڵامە نوێیەکەی ئێرانی بۆ ئاشتی رەت کردووەتەوە و جەختی کردەوە کە هەر رێککەوتنێک دەبێت زامنکەری پەکخستنی تەواوەتیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بێت.
هەینی 15ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا و کە لە بەژینگەوە بۆ واشنتن دەگەڕایەوە، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران و دانوستانەکان.
ترەمپ ئاشکرای کرد، وەڵامە فەرمییەکەی ئێرانی خوێندووەتەوە، بەڵام چونکە بڕگەکانی بە دڵ نەبووە، رەتی کردووەتەوە. ترەمپ گوتی: "من سەیری وەڵامەکەم کرد، ئەگەر یەکەم رستەی تێدا بێت کە بە دڵم نەبێت، دەستبەجێ فڕێی دەدەم. ئەوان دەبێت بە تەواوی لەسەر نەمانی چەکی ئەتۆمی رازی بن، ئەگەر نا من هیچی تر ناخوێنمەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە داواکارییەکەی بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە. گوتیشی: "دەبێت ئەم 20 ساڵە راستەقینە بێت نەک تەنیا قسە. هەروەها دەبێت هەموو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە لە ناو ئێران دەربهێنرێت."
ترەمپ ئاماژەشی دا، "ئێمە ئێرانمان بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە. ئەوان یان رێککەوتن دەکەن یان بە تەواوی لەناودەچن. یەکێک لەم دووانە هەر دەبێت رووبدات، لە هەردوو بارەکەدا ئێمە براوەین."
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە چیتر ئامادە نییە چاوەڕێی ئێران بکات و جەختی کردەوە کە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی تەواو کە نابێت ڕێگە بدرێت کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێویستە دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا بکرێتەوە.
ترەمپ ئاماژەی داوە، هێزە چەکدارەکانی ئێرانیان بە تەواوی تێکشکاندووە و تەنیا هەندێک کاری پاککردنەوە ماوە. سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا، ئەگەر تاران نەگاتە ڕێککەوتن، جارێکی تر هێرش دەکەنەوە سەریان.
ترەمپ ئاشکرای کرد، سەرۆکی چین بەڵێنی پێداوە هیچ جۆرە کەرەستەیەکی سەربازی ڕەوانەی ئێران نەکات. ترەمپ گوتیشی کە "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا" بڕیار دەدات ئایا سزاکانی سەر کۆمپانیا نەوتییەکانی چین لادەبات کە نەوتی ئێرانیان کڕیوە یان نا.
ترەمپ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە ئامانجی جەنگەکە تەنیا لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە، بەڵکو نەهێشتنی توانای هێرشبەری تارانە بۆ سەر دراوسێکانی و ئاسانکاری بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێستا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی شی جینپینگ، سەرۆکی چینی کرد و بە "پیاوێکی مەزن" وەسفی کرد. سەبارەت بە پرسی تایوانیش، ترەمپ ئامادە نەبوو هیچ پابەندییەکی ئەمریکا بۆ بەرگری لە تایوان رابگەیەنێت و گوتی: "تەنیا یەک کەس هەیە بڕیاری کۆتایی لایە، ئەویش منم، بەڵام جارێک هیچ لێدوانێک نادەم."
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەردانەکەی بۆ چین تەنیا بازرگانی نییە، بەڵکو دەیەوێت پێکەوە لەگەڵ بەیژینگ رێڕەوێکی نوێی جیهانی دابڕێژن. جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا لە ژێر سەرکردایەتی ئەودا بووەتە بەهێزترین و "گەرمترین" وڵاتی جیهان لە رووی ئابوورییەوە.
ترمپ هێرشی کردە سەر کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و رایگەیاند، ئەو لەبەر دوو هۆکار لە کێشەدایە: وزە و کۆچبەری. ترەمپ گوتی: "ستارمەر دەبێت دەست بکاتەوە بە دەرهێنانی نەوت لە دەریای باکوور و واز لەو تۆرباینە بایانە بهێنێت کە تێچوویان زۆرە و ژینگە و دیمەنی وڵاتەکەیان تێکداوە."
ترەمپ ڕایگەیاند کە سەرۆکی چین بە توندی پشتگیری لەوە دەکات کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "شی جینپینگ هەستێکی بەهێزی هەیە بەرانبەر بەوەی کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و دەیەوێت گەرووی هورمزیش بە ڕووی هەناردەی نەوت و غازدا بکرێتەوە."
سەبارەت بە لایەنی ئابووری، ترەمپ ئاشکرای کرد، ئێستا لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەی کە نەوتی ئێرانیان کڕیوە و بڕیارە بەم زووانە بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە کێشەی تایوان کرد و ڕایگەیاند کە لە پەکین بە درێژی لەگەڵ شی جینپینگ لەو بارەیەوە دواوە. ترەمپ گوتی: "پێموانییە شەڕ لەسەر تایوان ڕووبدات، چونکە سەرۆک شی نایەوێت جەنگ ببینێت و نایەوێت تایوان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت."
ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنیا گوێی لە سەرۆکی چین گرتووە و هیچ بەڵێنێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە، هەروەها هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا پاکێجێکی گەورەی چەک بە تایوان دەفرۆشێت یان نا.