جەی دی ڤانس: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، وڵاتانی دیکەش داوا دەکەن
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر هەڵوێستی توندی واشنتن بەرانبەر بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کردەوە و رایگەیاند پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا و جیهان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
سێشەممە 19ـی ئایاری 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، رێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تەنیا پەیوەندی بەو وڵاتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی ئەو چەکە، وڵاتانی تری کەنداو و جیهانیش هەوڵی بۆ دەدەن، ئەمەش جیهان تووشی پێشبڕکێیەکی ئەتۆمیی مەترسیدار دەکات و ئاسایشی هەمووان دەخاتە مەترسییەوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پێمان وایە پێشکەوتنی بەرچاومان بەدەستهێناوە و لە گەیشتن بە ئەنجام نزیکین." ئاماژەی بەوەش کرد هیچ کام لە واشنتن یان تاران نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێکدادانی چەکداری و دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان. جەختی کردەوە: "پێمان وایە ئێرانییەکانیش دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی."
راشیگەیاند، "دوو بژاردە لەبەردەماندایە؛ یان رێککەوتنێکی واقیعی یان رووبەڕووبوونەوە." ڤانس جەختی کردەوە ئەمریکا ئامادەی دانوستانە، بەڵام "بۆ هەموو ئەگەرەکانی تریش ئامادەین" ئەگەر تاران نەیێتە سەر مێزی گفتوگۆ بە شێوەیەکی جددی.
ڤانس باسی لەوە کرد ئێران وڵاتێکی ئاڵۆزە و زۆرجار روون نییە کە تیمی دانوستانکاری ئەوان دەیانەوێت چی بەدەست بهێنن. گوتیشی: "هەندێک جار وەک ئەوە وایە کە پەیوەندییەکی خراپ هەبێت یان لایەنی بەرانبەر بە باشی مەبەستەکانی خۆی روون نەکاتەوە، بەڵام ئێمە زۆر روونین لە داواکارییەکانماندا."
جەختی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ژمارەی ئەو وڵاتانەی چەکی ئەتۆمییان هەیە لە کەمترین ئاستدا بمێنێتەوە.
ڤانس دەربارەی دۆخی ئێستای ئێران و ئاگربەستەکە گوتی: "ئەمە جەنگێکی بێکۆتایی نییە. ئێمە کارەکانمان تەواو دەکەین و دەگەڕێینەوە ماڵەوە، ئەوەیە کە ترەمپ بەڵێنی داوە و ئەو جێبەجێی دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئاگربەستەکان هەمیشە بێ کەموکوڕی نین، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی توندوتیژی لە ناوچەکەدا بینراوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی لە هەندێک میدیای ئەوروپی گرت و ئاماژەی دا، "ئەمریکا ساڵانە بڕێکی زۆر پارە لە بواری بەرگریدا خەرج دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی دەیان هەزار سەربازی لە ئەوروپا هەیە. کاتی ئەوە هاتووە ئەوروپا بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی خاکی خۆی بگرێتە ئەستۆ." جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا دەبێتە هاوپەیمان و دۆست و هاوبەشێکی بازرگانی باش، بەڵام پێویستە وڵاتانی تریش بەشداری بکەن.
سەبارەت بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە پۆڵەندا، ڤانس ڕایگەیاند کە ئەوەی روویداوە "کەمکردنەوەی هێز نییە"، بەڵکو تەنیا دواخستنی جووڵەیەکی ئاسایی سەربازییە کە زۆرجار لە پڕۆسە سەربازییەکاندا روودەدات.
ڤانس دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ ئێران کە تێیدا رێگری لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بکرێت، بەڵام جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا هەمیشە ئامادەی بەرگرییە و بژاردەی سەربازی وەک ئامرازێک بۆ فشار بەکاردەهێنرێت تاوەکو لایەنی بەرانبەر بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتی کردەوە کە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بنێردرێتە رووسیا گوتی: وڵاتەکەی هەرگیز پلانێکی لەو شێوەیە نەبووە کە یۆرانیۆم بنێرێتە رووسیا، نازانم ئەو هەواڵانە لە کوێوە هاتووە، بەڵام هیچیان راست نین.