شاندی دانوستانکاری ئێران: بەم نزیکانە سزاکانی سەر وڵاتەکەمان بە کاتیی لادەبرێن

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری کۆماريی ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، کە شاندی وڵاتەکەی رەشنووسی ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوت ئامادە کردووە و بڕیارە بەم نزیکانە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس"، لە زاری حوسێن قوربانزادە، پسپۆڕی ئابووری و ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە، کە شاندی وڵاتەکەی لە میانەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا لە سویسرا، داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنێکی بۆ هەڵگرتنی کاتیی سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران و بەرهەمە نەوتییەکانی تەواو کردووە.

قوربانزادە روونی کردەوە، کە گفتوگۆکانی ئێستا بە پلەی یەکەم تیشک دەخەنە سەر میکانیزمی جێبەجێکردنی "بڕگەی 13"ـیی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، لەگەڵ داڕشتنی بنەما پێویستەکان بۆ تاوتوێکردنی بڕگەکانی دیکەی رێککەوتنەکە.

بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئێرانییە، بنەماکانی رێککەوتنەکە لەسەر پێنج خاڵی سەرەکی دەستنیشان کراون کە بریتین لە: کۆتاییهێنان بە چالاکییە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا، لادانی گەمارۆکان، سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووی هورمز، پێدانی بەخشینی کاتیی لەو سزایانەی بەسەر هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکاندا سەپێنراون و، لەگەڵ ئازادکردنی دارایی و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات.

سەرەڕای ئەمەش، قوربانزادە پێشکەوتن لە دۆسیەکانی دیکەی بە کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا بەستەوە و، ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕگە مابووەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ناچنە واری جێبەجێکردنەوە تا ئەو کاتەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ راگرتنی جەنگ لە لوبنان نەیەتە کایەوە.

دانوستانەکانی سویسرا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێکرد، لە نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە و شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.

ئەم گفتوگۆیانە کە لە هاوینەهەواری "بێرگنشتۆک" لە سویسرا بەڕێوەچوون، یەکەم گەڕی کۆبوونەوەکان بوو، کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنێک لە هەفتەی رابردوو واژۆ کرابوو. یاداشتەکە داوای کردنەوەی گەرووی هورمز و راگرتنی سەرجەم کردەوە جەنگییەکان دەکات، بە بەرەی لوبنانیشەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی وڵاتانی نێوەندگیر؛ قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بایەخی کێشە و توندوتیژییەکانی ناو لوبنانی کەمکردەوە و رایگەیاند: کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستهاتووە بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە جەنگییەکان لەو وڵاتەدا.