ئەکسیۆس: پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەدەستهاتووە
پێگەی ههواڵیی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد، کە پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران بەدەستهاتووە بۆ هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکان بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان تا درەنگانی شەو بەردەوام بن.
یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، پێگەی ههواڵیی "ئەکسیۆس"، لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئەمریکیی بەشدار لە دانوستانەکانی سویسرا، بلاوی کردەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان لەگەڵ شاندی ئێرانی، بە نێوەدگیریی قەتەر و پاکستان تا درەنگانی شەو بەردەوام بن.
ئەم دیپلۆماتکارە ئەمریکییە رایگەیاند، کە "پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەدەستهاتووە سەبارەت بە هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەم قۆناغەدا سەرنجی سەرەکی خراوەتە سەر داڕشتنی میکانیزمێک بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان و مسۆگەرکردنی پابەندبوون بە ئاگربەستەوە.
دانوستانەکانی سویسرا، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێکرد، لە نێوان شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە و شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.
ئەم گفتوگۆیانە کە لە هاوینەهەواری "بێرگنشتۆک" لە سویسرا بەڕێوەچوون، یەکەم گەڕی کۆبوونەوەکان بوو، کە لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنێک لە هەفتەی رابردوو واژۆ کرابوو. یاداشتەکە داوای کردنەوەی گەرووی هورمز و راگرتنی سەرجەم کردەوە جەنگییەکان دەکات، بە بەرەی لوبنانیشەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی وڵاتانی نێوەندگیر؛ قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوو، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بایەخی کێشە و توندوتیژییەکانی ناو لوبنانی کەمکردەوە و رایگەیاند: کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستهاتووە بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە جەنگییەکان لەو وڵاتەدا.