حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومرەی راگەیاند
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی عومرەی دا و رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان، لەمڕۆوە کۆمپانیاکان دەتوانن دەست بە رێککارەکان بکەن.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند"وەزارەتی ئەوقاف بڕیاری داوە بە دەستپێکردنی وەرزی نوێی عومرە، بۆ ئەم مەبەستەش لە مڕۆوە ئەو کۆمپانیایانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە و لە وەرزی 2025 گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەبووە، مۆڵەتەکانیان بۆ درێژ دەکرێتەوە."
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا، کۆمپانیاکان دەتوانن بەپێی رێنماییە کۆنەکان دەست بە رێکخستنی گەشتەکانیان بکەن تا ئەو کاتەی رێنمایی نوێ دەردەچێت و رێککارەکان بە تەواوی رێکدەخرێنەوە.
لەبارەی ئامانجی ئەم بڕیارە، کاروان ستونی گوتی "ئەم هەنگاوە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و زووتر دەستپێکردنی وەرزی عومرە و چوونی عومرەکارانە بۆ وڵاتی سعوودیە، تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە رێککار و رێنماییەکاندا دەکرێت، کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان دەتوانن درێژە بە کارەکانیان بدەن."
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و لەژێر چاودێری وەزارەتی ئەوقاف، بۆ بە جێگەیاندنی عومرە روو لە وڵاتی سعوودیە دەکەن.