شێخی ئەزهەر: مێژووی کورد پڕە لە خزمەت بە مرۆڤایەتی

پشتیوان سادق، بەناوی سه‌رۆك وه‌زیران مەسرور بارزانی داوەتی ئاراستەی شێخی ئەزهەر کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان. شێخی ئەزهەر بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد و رایگەیاند" لە دەرفەتێکی گونجاودا، بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکەم."

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، لە قاهیرە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وەزارەت، لەگەڵ شێخ ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی باڵای مەشێخەی ئەزهەرەوە کۆبووە.

لە دیدارەکەدا، شێخی ئەزهەر بە ڕێزەوە سەیری مێژووی گەلی کوردی کرد و رۆڵی زانایانی ئایینی و خەڵکی کوردستانی لە خزمەتکردن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤایەتی و چەسپاندنی چەمکی پێکەوەژیان بەرز نرخاند. جەختیشی لەو پەیوەندییە مێژوویی و دێرینە کردەوە کە هەردوو گەلی کوردستان و میسر پێکەوە دەبەستێتەوە.

لەلایەن خۆشیانەوە، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی تیشکی خستە سەر دۆخی نموونەیی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان و ئەو ئارامییەی کە هەموان تێیدا بەشدارن.

هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەلایەن وەزیری ئەوقافەوە پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرا. شێخی ئەزهەر وێڕای دەربڕینی پشتگیریی تەواوی خۆی، یاداشتەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ و پڕبایەخ وەسف کرد.

باس لەوەشکرا، پشتیوان سادق، بەناوی سه‌رۆك وه‌زیران مەسرور بارزانی داوەتی ئاراستەی شێخی ئەزهەر کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان. شێخی ئەزهەر بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە بانگهێشتەکەی قبووڵ کرد و رایگەیاند" لە دەرفەتێکی گونجاودا، بە شانازییەوە سەردانی کوردستان دەکەم."

هەروەها شێخی ئەزهەر سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد بۆ بنیاتنانی باڵەخانەیەکی هاوچەرخ بۆ "پەیمانگای ئەزهەر" لە شاری هەولێر، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە دانرا بوو.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، شێخی ئەزهەر و بەرپرسانی مەشێخەی ئەزهەر، بە گرنگییەکی تایبەتەوە باسیان لە دروستکردنی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە شاری هەولێر کرد .

لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەرتووکی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە شێخی ئەزهەر کرد، و لە بەرامبەردا شێخی ئەزهەریش قەڵخانی ڕێزلێنانی مەشێخەی ئەزهەری پێشکەش بە وەزیر کرد.