شەهباز شەریف: لایەنی تێکدەر هەن دەیانەوێت لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن پەکبخەن

سەرۆک وەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف رایگەیاند، لایەنی تێکدەر هەن هەوڵدەدەن یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن پەکبخەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، شەهباز شەریف گوتی "هەندێک لایەنی تێکدەر دەیانەوێت یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شکست پێبهێنن."

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەش کرد، جەنگ لە ناوچەکەدا دەبووە هۆی وێرانکردنی هەموو شتێک، هاوکات ستایشی هەوڵەکانی هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر، سعوودیە، تورکیا و میسری کرد کە پاڵپشت بوون بۆ گەیشتن بە ئاشتی.

شەهباز شەریف لە پەیامێکدا بۆ رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی "پەیامی من بگەیەننە رێبەری باڵا کە ئێران توانی بگاتە رێککەوتنی ئاگربەست و یاداشتی لێکتێگەیشتن، لەگەڵ پاراستنی شکۆمەندیی خۆیدا."

گوتیشی "گەلی ئێران ئازایە و وڵاتەکەیان خاوەن سەرچاوەی دەوڵەمەندە و بەمزووانە دەبێتە یەکێک لە ئابوورییە هەرە گەشەسەندووەکان."

سەرۆکوەزیرانی پاکستان، باسی لەوەش کرد، لە یاداشتی لێکتێگەیشتن باسی بەرنامەی مووشەکی نەکراوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، سەرۆک وەزیرانی پاکستان روونی کردەوە، کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن باسی پرسی پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی ئێران ناکات.

لەلای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: پاکستان هاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژی ئێرانە، هەروەها گفتوگۆیەکی هاوبەش و بنیاتنەرمان ئەنجامدا.

پزیشکیان گوتیشی: باوەڕمان بە ئاشتی وئاسایشی ناوچەکە و وڵاتان هەیە و سوپاسی حکوومەتی پاکستان دەکەین.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لە دیدارەکەدا تاووتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و جیهانیان کردووە و گوتی "بڕوای تەواومان وایە کە پێشکەوتنی ناوچەی خۆرئاوای ئاسیا، بەستراوەتەوە بە بەدیهێنانی ئاشتی، ئاسایش و هاوکاریی ناوچەیی لە نێوان وڵاتاندا."

پزیشکیان دووپاتی کردەوە کە تاران سوپاسی هەوڵەکانی ئیسلام ئاباد دەکات و گوتی "دەستخۆشی لە ڕۆڵی پاکستان دەکەین لە ئاسانکاریکردن بۆ دانوستانەکان و گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا.