مەسرور بارزانی پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی لە هەولێر کردەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، پارکێکی گەورە و مۆدێرنی بە ناوی "گەنناسا د بابل" (پارکی باخچە هەڵواسراوەکانی بابل) لە هەولێر کردەوە، کە بەرزترین ستوونی ئاڵای کوردستانی لەسەر ئاستی عێراق تێدا جێگیر کراوە و وەک ناونیشانێکی نوێی گەشتیاری و ژینگەیی دەبینرێت.

لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست، پارکی "گەنناسا د بابل" لە مەراسیمێکی فەرمیدا کرایەوە. ئەم پارکە کە لەسەر رووبەری نزیکەی 60 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیات نراوە بە 20 مانگ تەواوکراوە، بە یەکێک لە دەگمەنترین و مۆدێرنترین پارکە گشتییەکانی ناوچەکە دادەنرێت.

پڕۆژەکە خاوەنی سێ دەروازەی سەرەکییە کە ناوچەی عەنکاوە و پڕۆژەی (ئەربیل ئەڤینیو) پێکەوە دەبەستێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم پارکە، بوونی ستوونی ئاڵایەکە بە بەرزی 63 مەتر، کە بەرزترین ستوونی ئاڵایە لە سەرانسەری عێراقدا، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 50 ئاڵای دیکەی کوردستان کە دیمەنێکی ناوازەیان بە شوێنەکە دەبەخشێت.

ئەم پڕۆژەیە تەنیا رووبەرێکی سەوزایی نییە، بەڵکو وەک ناوەندێکی گەشتیاری، وەرزشی و تەندروستی مۆدێرن لە پایتەخت سەیر دەکرێت و پێشبینی دەکرێت ببێتە جێی سەرنجی هاووڵاتیان و گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە.

پارکی "گەنناسا د بابل"، یەکێکە لە پڕۆژە ژینگەیی و گەشتیارییە هەرە مۆدێرنەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 دەست بە بنیاتنانی کرا. ئەم پارکە بە تایبەتمەندییە ناوازەکانییەوە، دەبێتە یەکێک لە جوانترین ناوەندەکانی کات بەسەربردن لەسەر ئاستی ناوچەکە.

پڕۆژەی پارکی عەنکاوە کە لە مانگی 9ـی ساڵی 2025 دەست کرا بە جێبەجێکردنی، چەندین تایبەتمەندی جیاواز و ژمارەی پێوانەیی لەخۆ دەگرێت:

رووبەر: پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 60 هەزار مەتر دووجا (60,000 م2) بنیات نراوە.

سەوزایی و سروشت: زیاتر لە 25 هەزار درەخت لە پارکەکەدا چێندراون، لەگەڵ 30 هەزار مەتر دووجا رووبەری چیمەن، کە دیمەنێکی دڵڕفێن و ژینگەیەکی پاک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.

دیزاین و رێڕەو: پارکەکە رێڕەوێکی بەرزەفڕی هەیە بە درێژایی 415 مەتر، لەگەڵ رێڕەوێکی هاتوچۆ بە رووبەری 30 هەزار مەتر. هەروەها خاوەنی تونێلێکی پیادەڕەوییە بە درێژایی 70 مەتر و گردێکی دەستکرد بە بەرزی 6 مەتر.

وەرزش و کاتبەسەربردن: پارکەکە یاریگایەکی پێشکەوتووی یاری "پادڵ"ی (Paddle Court) تێدایە کە جێگەی 700 کەس دەبێتەوە بۆ بینینی یارییەکان. هەروەها رێڕەوێکی تایبەت بە راکردن و وەرزش بە درێژایی 700 مەتر دروست کراوە.

خزمەتگوزارییەکان: بوونی شوێنی تایبەت بە ئاهەنگەکان، دوو نافورەی ئاوی گەورە (زیاتر لە 500 مەتر)، سیستەمی دەنگی پێشکەوتوو، کافتریا و کۆشکەکان بۆ خزمەتی گەشتیاران.