رێبین رهحیم
نووسەر
حوکمڕانی لە دەمی زریاندا خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ خۆڕاگریی کابینەی نۆیەم
مێژووی سیاسیی گەلان هەمیشە لەسەر هێڵێکی راست و بێکێشەو گرفت ناڕوات بەڵکوو پڕە لە ئاریشەر، رووداو و پێشهاتی لەناکاو تاقیکردنەوەی سەخت.
فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمانی هیگڵ پێی وایە کە (مێژوو لە رێگەی تەنگژە و قەیرانە گەورەکانەوە سەرکردەی مێژوویی بەرهەم دەهێنێت) بە بڕوای هیگڵ ئەم جۆرە سەرکردانە ئەوانە نین کە لە سەردەمی ئارامیدا دەژین بەڵکوو ئەوانەن کە رۆحی سەردەمەکەی خۆیان لە ناخیاندا هەڵدەگرن و لە نێوان بەرداشی قەیرانەکاندا چارەنووسی نەتەوەکەیان بەرەو کەناری ئارامی ئاڕاستە دەکەن ، کاتێک لەم تێڕوانینە فەلسەفییەوە سەیری چەند ساڵی رابردووی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دەبینین ئەم کابینەیە تەنها رووبەڕووی حکومڕانییەکی ئاسایی نەبووەیەوە بەڵکوو کەوتە ناو جەرگەی ململانێیەکی ئێگزیستانسیالیستی (بوونخوازی) کە ئامانج لێی سڕینەوە یان تەسلیمکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بوو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی
کابینەی نۆیەم لە کاتێکدا دەستی بەکارەکانی کرد کە پاش فەترەیەکی کەم جیهان رووبەڕووی گەورەترین و ترسناکترین پەتای سەدەی نوێ بووەوە کە پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) بوو ئەم قەیرانە تەنها تەندروستی نەبوو بەڵکوو بووە هۆی ئیفلیجکردنی تەواوی جومگە ئابوورییەکانی جیهان بۆ هەرێمێکی وەک کوردستان کە ئابوورییەکەی تا رادەیەکی زۆر بە داهاتی نەوتەوە گرێدراو بوو داڕمانی نرخی نەوت بۆ ئاستی سفر و تەنانەت ژێر سفر لە بازاڕە جیهانییەکاندا وەک کارەساتێکی حەتمی دەردەکەوت ، لە کایەی فەلسەفەی سیاسیدا نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا سەرکردە هێندە گرنگی بە دۆخی ئاسایی نادات بەڵکوو تیشک دەخاتە سەر چەمکی بەخت کە نوێنەرایەتی رووداوە شێوێنەر و چاوەڕواننەکراوەکانی سروشت و مێژوو دەکات ، ماکیاڤێلی دەڵێت ( بەخت و رووداوە ناخۆشەکان وەک رووبارێکی یاخیبوو وایە کە کاتێک لافاو دروست دەکات هەموو شتێک رادەماڵێت بەڵام سەرکردەی خاوەن عەقڵ و هێز ئەو کەسەیە کە پێشوەختە بەنداو و دیوار بۆ پاراستنی نیشتمانەکەی دروست دەکات
مەسروور بارزانی لەم تاقیکردنەوە جیهانییەدا ستراتیژیەتی (بەرگریی کارا) ی گرتەبەر لە کاتێکدا گەورەترین دەوڵەتانی جیهان لەبەردەم پەتایەکەدا چۆکیان دادابوو حکوومەتی هەرێم توانی لە رێگەی رێکخستنەوەی توندی خەرجییەکان کۆنترۆڵکردنی ناوخۆیی و گرتنەبەری رێوشوێنی توندی تەندروستی رێگری لە داڕمانی دامەزراوەکان بکات ئەمە یەکەم نیشانەی خۆڕاگری بوو کە تێیدا سەرۆک وەزیران نەبووە پاشکۆی قەیرانەکە بەڵکوو بووە بەڕێوەبەری قەیرانەکە
گەورەترین جەنگ کە رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بووەوە جەنگی دژ بە گەندەڵی و قۆرخکاری بوو لە ژێر ناوی ( پرۆسەی چاکسازی )چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها دروشمێکی جوانکاری نەبوو بەڵکوو نەشتەرگەرییەکی قووڵ بوو لە ناو جەستەی سیستەمی دارایی و کارگێڕی ئەم وڵاتەدا کاتێک سەرۆک وەزیران دەستی برد بۆ دۆسیەکانی باج و رێکخستنەوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان و بڕینی مووچەی نایاسایی و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاری بازاڕ بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هێلانەی زەردەواڵە لۆکاڵییەکانی شێواندو لەو کاتەوە بەرەیەکی ناوخۆیی فراوان کە بەرژەوەندییە داراییەکانیان کەوتبووە مەترسییەوە هاوپەیمانییەکی تهواویان لەگەڵ هێزە نەیارەکانی دەرەوەدا بەست ، ئەوان میدیاو سۆشیاڵ میدیا و سوپا ئەلیکترۆنییەکانیان وەک چەکێکی تێکدەر بەکارهێنا بۆ تێکدانی دەروونی تاک و شێواندنی راستییەکان تا وای لێهات هەموو رۆژێک هێرشێکی ناڕاست و نادروست و ناوزڕاندنیان دژی سەرۆکی کابینەکە رێکدەخست
لێرەدا دەتوانین پەنا ببەین بۆ فەلسەفەی ئاکاری ئیمانوێل لێڤیناس کە پێی وایە بەرپرسیارێتی بەرامبەر
بە (ئەوی دی)ئەرکێکی ئەخلاقی ڕەهاو بێ سازشە مەسرور بارزانی لەسەر بنەمای ئەم ئەرکە ئەخلاقییە ئامادە نەبوو بۆ رازیکردنی چاوی میدیاو سۆشیاڵ میدیا پۆپۆلیستەکان سازش لەسەر مافی گشتی بکات، هەروە وەک فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش نیتشە دەڵێت( ئەوانەی کە دەیانەوێت تهلارێکی نوێ بنیاد بنێن دەبێت سەرەتا ئامادەبن بەردەکان بشکێنن هەمیشە گەورەیی مرۆڤەکان بەپێی ئەو دوژمنانە دەپێورێت کە لە پێناو حەقیقەتدا بۆ خۆیانی دروست دەکەن) خۆڕاگریی سەرۆک وەزیران لە بەرامبەر ئەم هەوڵە چەواشەکارانەو تیرۆرە میدیایەدا سەلماندی کە ئەو سەرکردەیەکی ستراتیژییە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کار ناکات بەڵکوو بۆ نەوەکانی داهاتوو کار دەکات
لە ناوەڕاستی ئەم هەموو کێشە ناوخۆیی و جیهانییانەدا گەورەترین زەبری یاسایی و جیۆپۆلەتیکی لە پێگەی ئابووریی هەرێم درا ئەویش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بوو لە پاریس بۆ راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەم بڕیارە تەنها پرسێکی تەکنیکی نەبوو بەڵکوو هەوڵێکی روون بوو بۆ وشککردنی سەرچاوەی سەرەکیی ژیانی ئابووریی قەوارەی فیدراڵیی کوردستان هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ناوەندە سیاسییەکانی بەغدا لە رێگەی بڕیارە یەک لە دوای یەکەکانی دادگای فیدراڵییەوە دەستیان کرد بە بڕینی بودجە قوت و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم بە ئامانجی دروستکردنی زیاتری ناڕەزایەتی هاونیشتیمانهان کێشەوپشێوی ناوخۆیی و ناچارکردنی حکوومەت بۆ تەسلیمکردنی تەواوی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی ، ئەم دۆخە بە تەواوی هاوتایە لەگەڵ تێڕوانینی تۆماس هۆبس لە کتێبی لێڤیەتاندا کە تێیدا باس لەوە دەکات دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەت هەمیشە وەک دێوەزمەیەک وایە کە ئارەزووی قوتدانی هەموو جیاوازی و قەوارە نیمچە سەربەخۆکان دەکات ،بەغدا ویستی لە رێگەی برسی کردن و گەمارۆی داراییەوە، ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد بشکێنێت.
لەم خاڵە وەرچەرخانە مێژووییەدا رۆڵی مەسرور بارزانی وەک سەرکردەیەکی (تەسلیم نەبوو) رەنگدەداتەوە لە کاتێکدا زۆرێک لە دەنگە کز و ترسنۆکەکانی ناوخۆ داوایان دەکرد هەرێم کلیلەکانی خۆی تەسلیم بە بەغدا بکات و کۆتایی بە شوناسی خۆی بهێنێت ، ئەو بە توندی لەسەر مافە ڕەواکان وەستایەوەو پێی وابوو پاروویەک بە سەربەرزی زۆر شەرەفمەندانەترە لە مۆڵک و سامانی ژێر چەپۆکەی نەیاران ئەم جۆرە لە خۆڕاگری نیشانەی تێگەیشتنی قووڵ بوو لە چەمکی شکۆمەندیی نەتەوەیی کە ناچێتە ژێر هیچ جۆرە کڕین و فرۆشتنێکی سیاسییەوە.
ئەگەرچی نەیارانی ناوخۆ و دەرەوە وا گریمانەیان دەکرد کە کابینەی نۆیەم لەژێر کێشی ئەم هەموو قەیرانە تاقەتپڕوکێنەدا تێکدەشکێت و کۆتای بە ئەزمونی حوکمڕانی کوردستان دێت بەڵام دەرەنجامەکان پێچەوانەکەیان سەلماند هەرێمی کوردستان نەک هەر نەڕووخا بەڵکوو توانی لە رێگەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی فەرمانگەکان و رێککەوتنی سەربەرزانە لەگەڵ بەغدا بەبێ سازشکردن لەسەر پرەنسیپە دەستوورییەکان قەوارەکەی بپارێزێت ، ئەم مۆدێلە لە سەرکردایەتیکردن مۆدێلی خۆڕاگریی ئەکتیڤە مۆدێلێکە کە تێیدا سەرکردە قەیرانەکان ناکاتە بیانوو بۆ پاشەکشە بەڵکوو دەیانکاتە دەرفەت بۆ نوێبوونەوە و دەرکەوتنی راستەقینەی هێز.
کاتێک تۆزی ئەم شەڕە سیاسی و میدیاییانە دەنیشێتەوە و مێژوونووسان بە چاوێکی بێلایەنی و زانستی سەیری ئەم قۆناغە دەکەن ناوی مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانێک تۆمار دەکەن کە لە گەورەترین تاقیکردنەوە سەختەکانی ئابوری و فشارو ئاژاوەی هێزەپۆپۆلیستەکان تەسلیمی ئیرادەی دوژمنان و نەیارەکانی ناوخۆ نەبوو ئەو سەلماندی کە پاراستنی دۆزی رەوای گەلەکەی و داکۆکیکردن لە شوناسی نەتەوەیی لای ئەو هێڵێکی سوورەو هیچ قەیرانێکی دارایی و هیچ گەمارۆیەکی سیاسی ناتوانێت بیبەزێنێت.
کابینەی نۆیەم بە هەمووانی گوت کوردستان قەوارەیەکی کارتۆنی نییە بە لافاوی قەیرانەکان بڕوخێت بەڵکوو قەڵایەکی بەرزی خۆڕاگریەو سەرکردایەتییەکەی فێری چۆکدادان نەبووە، ئەم مۆدێلە لە خۆڕاگری دەبێتە وانەیەکی فیکری و سیاسی بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی دیکەی دونیا کە لە پێناو مانەوە و ئازادیی خۆیاندا لە ناو جەرگەی زریان و کێشەو ئاریشەکاندا دەژین.