هێرش دەکرێتە سەر ئەو تانکەرانەی نەوتی عێراق بۆ سووریا دەگوازنەوە

بەشێک لەو تانکەرانەی نەوتی عێراق بۆ سووریا دەگوازنەوە، لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و هۆزەکانەوە رووبەڕووی هێرش و سووتاندن دەبنەوە.

بەشێک لەو تانکەرانەی نەوتی عێراق لە رێگەی سووریاوە دەگوازنەوە، رووبەڕووی هێرش و تەقەکردن دەبنەوە و بەشێکیان دەسووتێندرێن. زۆرترین رووداوەکانیش لە ناوچەکانی دەوروبەری دێرەزوور تۆمار کراون، تا ئێستا زیاتر لە پێنج جار تانکەرەکان لەو ناوچەیە سووتێنراون.

 هۆکاری سەرەکیی ئەم هێرشانەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی باری ئابووری، بۆیە خەڵکی ناوچەکە پەنا بۆ سووتاندن و رێگریکردن لە هاتوچۆی تانکەرەکان دەبەن. هاوکات لەسەر رێگەی نێوان حەسەکە و رەققەش رووداوێکی سووتاندنی تانکەر تۆمار کراوە، لەسەر رێگەی تەرتووسیش دوو رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا چەند تانکەرێک سووتاون. 

بەگوێرەی زانیارییەکان، هۆزەکانی ناوچەکە لەپشت هەموو رووداوەکانی سووتاندنەوەن، هەر بۆیە کاتێک کاروانێکی نەوت بەڕێ دەکەوێت، هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنیان یاوەرییان دەکەن. لە نێو هەموو رووداوەکاندا، تەنیا یەک جار رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە سووتاندنی تانکەرەکان راگەیاندووە.

پێشتر هەموو نەوتی عێراق لە رێگەی دەروازەی تەنەفەوە دەگوازرایەوە بۆ سووریا، بەڵام دوای کردنەوەی دەروازەی ئەلبوکەمال، ئەو رێگەیەش چالاک کرا. دواتریش بە کردنەوەی دەروازەی تەلکۆچەر یان رەبیعە، ئێستا زۆربەی نەوتی عێراق لەوێوە دەگوازرێتەوە.

 تا ئێستا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی سووریا ژمارەی ئەو تانکەرانەیان ئاشکرا نەکردووە رۆژانە دەچنە نێو خاکی سووریا. سەرجەم نەوتی عێراق و نەوتی رۆژهەڵاتی فوراتیش لە سووریا، دەگوازرێنەوە بۆ پاڵاوگەی ناوەندیی بانیاس.

لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق بڕیاری دا رێگەیەکی وشکانی بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بەکاربهێنێت. ئامانجی ئەم هەنگاوە دۆزینەوەی رێڕەوی نوێیە بۆ گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکانی جیهان، بەتایبەتی دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لە گەرووی هورمز دروست بوون. 

رۆژانە بە سەدان تانکەری نەوت لە کێڵگە و پاڵاوگەکانی عێراقەوە، بەتایبەتی لە کەرکووک و بێجی و هەولێرەوە، بەرەو دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا بەڕێ دەکەون. 

گەورەترین وێستگەی کۆکردنەوەی ئەم نەوتە پاڵاوگەی بانیاسە لەسەر دەریای ناوەڕاست، لەوێشەوە بە کەشتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا دەگوازرێتەوە.