ئیدارەی ترەمپ مۆڵەتی کارکردنی بۆ کۆچبەرانی 7 وڵات درێژکردەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتی کارکردنی بۆ سەدان هەزار کۆچبەری نێو بەرنامەی "پاراستنی کاتی" (TPS) درێژکردەوە. ئەم بڕیارەش تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش بەسەرچوونی وادەی مۆڵەتەکان هات، کە دەرفەتێکی دیکەیان پێدەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی یاسایی لەناو خاکی ئەمریکادا.

فەرمانگەی کۆچبەران و هاووڵاتیبوونی ئەمریکا، کە سەر بە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیە، رایگەیاند، مۆڵەتی کارکردنی ئەو کۆچبەرە هایتییانەی کە لەژێر چەتری ئەم بەرنامەیەدان، تا 24 تەممووزی ئەم مانگە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، مۆڵەتی کارکردنی هاووڵاتییانی (ئەسیوپیا، سووریا، سۆماڵ، یەمەن، باشووری سوودان و میانمار) بۆ ماوەی یەک هەفتەی دیکە درێژکراوەتەوە.

ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ئەمریکا دوای مانگێک دێت لە بڕیارێکی دادگای باڵای ئەمریکا، کە رێگەی بە ئیدارەی ترەمپ دابوو کۆتایی بە بە بەرنامەی پاراستنی کاتی بۆ هاووڵاتییانی هایتی و سووریا بهێنێت. ئەمەش ببووە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی گەورە لە لایەن سەدان هەزار کۆچبەرەوە کە ترسی لەدەستدانی مافی کارکردن و دیپۆرتکردنەوەیان هەبوو.

بەرنامەی پاراستنی کاتی (TPS) ، بەرنامەیەکی فەرمیی ئەمریکایە، رێگە بەو کەسانە دەدات کە لە ناوخۆی ئەمریکادان بە شێوەیەکی یاسایی بژین و کار بکەن، ئەگەر وڵاتە رەسەنەکانیان بەدەست کارەساتی سروشتی، ململانێی چەکداری، یان بارودۆخی نائاساییەوە بناڵێنن کە رێگر بێت لە گەڕانەوەیان.

ئەگەری کۆتاییهاتنی ئەم مۆڵەتانە، شەپۆلێک لە رەخنەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی کۆمەڵگە ناوخۆییەکانی لێکەوتەوە؛ ئەوان هۆشدارییان دابوو کە هەڵوەشاندنەوەی پاراستنەکە، سەدان هەزار کەس دەخاتە بەردەم مەترسیی دەرکردن و لەدەستدانی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان.

هاوکات، سەندیکا کرێکارییەکانیش داوایان لە ئیدارەی ئەمریکا کردبوو مۆڵەتەکان درێژ بکاتەوە، بەو پێیەی هەڵوەشاندنەوەیان دەبێتە هۆی شڵەژان لە بازاڕی کاردا و زیان بەو کەرتانە دەگەیەنێت کە پشت بەو هێزە کارە کۆچبەرە دەبەستن.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ پەیڕەوی لە سیاسەتێکی توند بەرامبەر بە کۆچبەران دەکات، خۆی لە توندکردنی رێکارەکانی کۆچبەران، سەپاندنی رسووماتی نوێ لەسەر هەندێک جۆری ڤیزا و زیادکردنی وردبینی لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پێشکەشکارانی داواکارییەکاندا دەبینێتەوە.

 ئیدارەی ئەمریکا باسی لەوەکردووە، ئەم رێکارانە ئامانجیان بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و پاراستنی هەلی کارە بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی.

هەروەها رێکخراوە مەدەنییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، توندکردنی سیاسەتەکان، مەترسی لەسەر مافی کۆچبەران و رێکارە یاساییەکان دروست دەکات، جگە لە ئەگەری دروستبوونی جیاکاری دژ بە هەندێک لە کەمینەکان.