وەزارەتی دادی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج رۆژنامەنووسی نیویۆرک تایمز دەکات

وەزارەتی دادی ئەمریکا بڕیاری لێکۆڵینەوەی بۆ پێنج رۆژنامەنووسی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی راپۆرتێکیان لەسەر بوونی کەلێنێکی ئەمنیی مەترسیدار لە فڕۆکە نوێیەکەی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردەوە.

وەزارەتی داد لە رێگەی ئەم بانگکردنەوە دەیەوێت فشار بخاتە سەر رۆژنامەنووسەکان بۆ ئەوەی شایەدی بدەن و ئەو بەڵگانە رادەست بکەن کە لەبەردەستیاندایە، تاوەکو ئەو سەرچاوانە بدۆزرێنەوە زانیارییە ئەمنییە هەستیارەکانیان بۆ میدیاکان دزە پێکردووە.

رۆژنامەنووسە بانگکراوەکان بریتین لە؛ تايلەر بێجەر (Tyler Pager)، ئێریک لیپتۆن (Eric Lipton)، ئادەم گۆڵدمان (Adam Goldman)، ئێریک شمیت (Eric Schmitt)، جولیان بارنز (Julian E. Barnes)

بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی بڵاوکراونەتەوە، فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتی (بۆینگ 747-8) کە قەتەر وەک دیاری پێشکەشی ترەمپی کردووە، سیستەمی بەرگریی دژە موشەکی و ئەو پارێزگارییە پێشکەوتووانەی تێدا نییە کە لە فڕۆکە کۆنەکەی "ئایەر فۆرس وەن"دا هەبوون.

ئەم بابەتە بووە مایەی نیگەرانی دۆناڵد ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ لە شاری ئەنقەرە بوو؛ لەوێ بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و نەبوونی سیستەمی بەرگریی لە فڕۆکە نوێیەکەدا، دەزگای پاراستنی سەرۆک (Secret Service) ناچار بوو فڕۆکە کۆنەکە بۆ گەڕانەوەی ترەمپ بەکاربهێنێتەوە.

بەڕێوبەرایەتی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز سەرکۆنەی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دادی کرد. دەیڤید مکرۆ، راوێژکاری یاسایی رۆژنامەکە، رایگەیاند؛ گەیاندنی یاداشتی لێکۆڵینەوە بۆ ماڵی رۆژنامەنووسەکان کارێکی نەشیاوە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی هاووڵاتییان لە زانینی راستییەکان.