کارزان سەباح هەورامی
نووسەر
لە پەراوێزی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی سەرۆک وەزیراندا
مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، ئەمڕۆ 27ی7ی2026 کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا کاتی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە زۆر گرنگ بوو، چونکە کۆمەڵێک پرسی گرنگ هەبوو دەبووایە سەرۆک وەزیران خۆی دڵنیایی خەڵک بکاتەوە، بە حوکمی ئەوەی بەرنامەی کابینەی حکوومەت جێگای متمانەی خەڵک بووە و دەبێت ئەو متمانە بە هیچ هێزێکی سیاسی و میدیایی لاواز نەبێت، هەر بۆیە کاتێک سەرۆک وەزیران قسە دەکات خەڵک دڵنیا دەبێتەوە، بەتایبەت ئەمڕۆ کۆمەڵێک پرسی گرنگ باسکران لەوانە کە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی ناوە لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و لەم قۆناخەدا لەپێناوی سەرخستنی پرۆسەکە پشتیوانی گەورەی هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە عێراق دەکرێت بەتایبەت لە ماوەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی کوردستان بەکردەیی ئەو پشتیوانییەی سەلماندووە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ئەم راستییەی نەشاردووەتەوە، هەروەها لە پرسی بەشە سووتەمەنی کوردستان، زۆرێک لە خەڵکی کوردستان ئەو راستییەیان نەدەزانی کە ئەمڕۆ مەسروور بارزانی خستیەروو: بەوەی لە بەغدا جگە لەوەی ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکرێت بۆ پشتیوانی لە کەرتی سووتەمەنی ناوخۆیی، لە هەمان کاتدا ئەم پارەیە بەشە بودجەی خەڵکی کوردستانیشە (بودجەی سیادی)کە هیچ بڕێک لەو پشتیوانییە ناوخۆییە لە بابەتی سەوتەمەنی نادرێتە کوردستان.
سەرۆک وەزیران زۆر بەوردی باسی لەوە کرد کە لە پرسی 50 هەزار بەرمیل نەوت غەدر لە خەڵکی کوردستان کراوە، چونکە بەپێی ژمارەی دانیشتیووان پشکی کوردستان لە پشتیوانی بەنزینی ناوخۆیی زۆر کەمە سێ بەرانبەری ئەو بڕەیە دیاری کراوە واتە رۆژانە پێویستیمان بە زیاتر لە 130 هەزار بەرمیلە نەک 50 هەزار، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە هەم دەبێت نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا ئەو شەڕە بکەن بەشی 50 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بکەن، هەمیش پێداچوونەوە بەو دروشمانە بکەن کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان پێیان وابوو ئەو بڕە زۆرە و لە خەڵکی دەشاردرێتەوە، لە کاتیکدا عێراق رۆژانە لەسەرووی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پشتیوانی بەنزینی ناوخۆیی بەکاردەهێنێت کە لە %12ـی ئەو بڕە لەسەر خەڵکی کوردستانە و یەک قەتەرە بەنزینیش نادرێتە کوردستان.
لەسەر پرسی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم، سەرۆک وەزیران بە روونی لەم بارەوە بۆ خەڵکی کوردستان ڕاستییەکانی خستەروو بەوەی بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان حکوومەت دروست ناکرێت، ئەمە راستییەکە کە پارتی هێزی یەکەمی کوردستانە و هەر بەرەیەکی دژە پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت سەرکەوتوونابێت، هاوکات ئەوەشی خستەروو کە پارتی دەرگای گفتوگۆی کراوەیە و لەم پێناوەشدا سەرۆک بارزانی پێشووتر دەستپێشخەری بۆ کۆبوونەوەی کردووە، ئەمە وەڵامی سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی دایەوە لە ماوەی رابردوو لەدژی پارتی دەکران گوایە ئەو بووەتەوە رێگر لەبەردەم کۆبوونەوەی پێکهێنانی حکوومەت.
سەرۆک وەزیران هەمیشە بە تێڕوانینی سەنگین و سیاسییانەوە، دووپاتی کردەوە کە کوردستان بەشێک نییە لەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە و هەمیشە هەوڵدراوە کە پەلکێشتی جەنگ بکرێت، ئەم روونکردنەوەیە گرنگ بوو چونکە لە کوردستانەوە هیچ هەنگاوێکی کرداری لەدژی هیچ دەوڵەتێک نەکراوە و دووپاتی ئەوە کرایەوە کە هەرێمی کوردستان سیاسەتی هاوسەنگ پەیڕەوی دەکات، ئەم پەیامەی سەرۆک وەزیران بەشێکی بۆ ناوخۆیی عێراق بوو چونکە لە چەند رۆژی رابردوو دووبارە بە بیانووی جیاواز هێرشی مووشەکی کرایەوە سەر خاکی کوردستان، و مەسروور بارزانی، عێراقی خستەبەردەم بەرپرسیاریەتی گەورە لەوەی دەبێت سەروەری خاکی وڵاتی خۆی بپارێزیت ناکرێت بە هەر بیانوویەک هەیە کوردستان بکرێتە ئامانج.
بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە رەنگدانەوەی گەورەی لەناو خەڵک هەبووە پشتیوانی سەرۆک حکوومەت بووە لەوەی لە بەرەی خەڵک دەمێننەوە و لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵکن، بەڵام هەمووان پێکەوە ئەم قەیرانە تێدەپەرێنن و خەڵکی کوردستان بەسەر بەرزی دەمێنێتەوە، وەک سەرۆک وەزیرانی گوتی: (قەیرانی دیکەی لەمەمان قورستر هەبووە)، بەڵام تێمان پەڕاندووە، و لەگەڵ خەڵکی خۆمان ماوینەتەوە، ئەم وەستانەوەی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەرهاوێشتەی متمانەی خەڵک و سەرۆک وەزیرانە بە یەکتری لەوەی لە هیچ هەنگاوێکدا لە یەکتری جیاناکرێنەوە.