دەنگۆی 28 جار دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان هەڵای ناوەتەوە

محەممەدباقر خەرازی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێران بە باسکردنی 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان لە پۆستی سەرۆککۆماری، مشتومڕی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی وڵاتەکەی و رەوتە نەیارەکانی دەتەقێنێتەوە و نووسینگەی پزیشکیان لێدوانەکانی خەرازی لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان بە "درۆ" ناو دەبات و رەتی دەکاتەوە.

بە گوێرەی ئەو پەیامەی نووسینگەکەی پزیشکیان بڵاویکردووەتەوە، ئەم کێشمەکێش و دەنگۆیەی بڵاوبووەتەوە، دوای ئەوە بووە کە گوایە موجتەبا خامنەیی هۆشداریی داوەتە حکوومەت و ئەگەری گۆڕانکاری لە دامەزراوە ستراتیژییەکاندا هەیە.

هەر لەمبارەوە، مەسعود پزیشکیان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازییەکانی ئێران، بڕیارە بەمنزیکانە بڵاو بکرێتەوە، دەڵێت "من ئەگەر دەستلەکار بکێشمەوە بە ئاشکرا و راستەوخۆ دەستلەکار دەکێشمەوە، بەڵام دەستلەکار ناکێشمەوە و بەردەوام دەبم؛ بەڵام ئەوانە دەیانەوێت ناکۆکیەک دروست بکەن کە نووسینگەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆچوونێکە و ئێمەش بۆچوونێکی دیکە".

قسەکانی محەممەدباقر خەرازی، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای ئێران، بووەتە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێران و کاردانەوە سیاسی و میدیایی ناوخۆی ئێران، بە تایبەت پەردەی لەسەر ململانێ و کێشمەکێشی نێوان حکوومەت و نەیارانی هەڵماڵی؛ خەرازی بانگەشەی دەکات کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە تا ئێستا 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوەی کردووە یان هەڕەشەی جێهێشتنی پۆستەکەی کردووە؛ بانگەشەیەک دەستبەجێ لەلایەن نووسینگەی سەرۆککۆمارەوە بە توندی رەتکرایەوە و بابەتەکە بووەتە جێی سەرنجی شرۆڤەکاران.

بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسە ناوخۆییەکانی ئێران، لێدوانەکانی محەممەدباقر خەرازی لە راگەیاندنەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوایدا هێناوە. بە گوتەی خەرازی ناکۆکییەکان لە ئاستی باڵای دەسەڵات و بڕیارداندا هێندە هەڵکشاوە، کە موجتەبا خامنەیی، رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئیران، راشکاوانە هۆشداریی داوەتە مەسعود پزیشکیان "ئەگەر جارێکی دیکە داوای دەستلەکارکێشانەوە بکات، راستەوخۆ رەزامەندی لەسەر دەردەبڕدرێت".

موجتەبا خامنەیی لە ئاداری 2026دا و دوای کۆچی دوایی باوکی، عەلی خامنەیی، لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانەوە بە رێبەری نوێ هەڵبژێردرا، بە گوتەی خەرازی، پەیامێکی فەرمیی بۆ حکوومەت ناردووە و تێیدا دەڵێت "جارێکی دیکە پزیشکیان دەستلەکاربکێشێتەوە، دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵ دەکەین." ئەو بانگەشەی ئەوەی کرد دوای گەیاندنی ئەم پەیامە، سەرۆککۆمار و تیمەکەی لە هەڵوێستەکانی پێشوویان پاشگەز بوونەتەوە.

رەتکردنەوەی فەرمیی دەنگۆکان و جەختکردنەوە لەسەر تەبایی نیشتمانی

لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئەم لێدوانانە، بەرپرسانی حکوومی بە خێرایی هەڵوێستیان وەرگرت. مەهدی تەباتەبایی، جێگری پەیوەندییەکان و زانیاریی نووسینگەی سەرۆککۆمار، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "بانگەشەی پەیوەست بە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆککۆمار، نەک راست نییە، بەڵکو درۆیەکی بێبنەمایە." 

تەباتەبایی پێشتریش جەختی کردبووەوە، بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان لە هیچ قۆناخێکی ماوەی ئەرکەکەیدا باس نەکراوە و ئەو دەنگۆیانە تەنیا بۆ چەواشەکاری میدیایی و بەلاڕێدا بردنی رای گشتییە.

هاوکات، ئیلیاس حەزرەتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی زانیاریی حکوومەت، بە رەخنەگرتن لە رەفتاری نەیارانی حکوومەت گرت و رایگەیاند، رەوتە سیاسییە نەیارەکان تا ئێستا چەند جارێک دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆککۆماریان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئیرادەی حکوومەت لاواز بکەن. 

حەزرەتی دەڵێت: مەسعود پزیشکیان ئەو کەسە نییە، ناکۆکییە سروشتییەکانی نێوان کەسەکان و دامەزراوەکان بگۆڕێت بۆ ململانێی ئاشکرا و دروشمەکەی هەمیشە تەبایی نیشتمانی و بەدواداچوونی کاروباری ستراتیژیی وڵات بووە.

حکوومەتی ئێران پێشتریش لە حوزەیرانی 2026 بە فەرمی راپۆرتە هاوشێوەکانی لەبارەی ناردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوە بۆ نووسینگەی رێبەری رەتکردبووەوە.

پێشبینییەکان لەبارەی گۆڕانکاری لە پێکهاتە ستراتیژی و ئەمنییەکاندا

بەشێکی دیکەی قسەکانی محەممەدباقر خەرازی تایبەت بوو بە گۆڕانکارییە گەورەکان لە پێکهاتەی ئەمنی و دیپلۆماسی. ئەو بانگەشەی کرد، موجتەبا خامنەیی نیازی هەیە گۆڕانکاریی رژد لە دامەزراوە ستراتیژییەکاندا بکات و دەیەوێت محەممەدباقر زولقەدر لە ئەمینداریی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لابدات و موحسین رەزایی، راوێژکاری سەربازیی ئێستای رێبەر، جێگەی بگرێتەوە.

جگە لەوە، خەرازی بانگەشەی ئەوەی کردووە، گوایە بە عەباس عێڕاقچی، وەزیری دەرەوە، راگەیەندراوە ئیتر مافی هیچ دەستێوەردانێکی لە دۆسیەی دانوستانی ئەتۆمی دا نییە. ئەم قسانەش لەلایەن بەشێک لە میدیاکانی ناوخۆی ئێران بە ئاماژەیەکی روون و ئاشکرای ناکۆکییەکانی ناوخۆی دەسەڵات و سیاسی لێکدراوەتەوە.

لەنێوان شیکەرەوە سیاسییەکانی ناخۆی ئێراندا، ئەحمەد زەیدئابادی، شرۆڤەکاری سیاسی، ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی لەم دۆخە هەستیارەی ئێستای وڵاتەکەی دا بە "هۆکاری ئاڵۆزی" ناو دەبات و داوای روونکردنەوەی بە پەلەی لە دامەزراوە بەرپرسەکان دەکات. هەروەها حەمید رەسایی، کە یەکێکە لەو کەسایەتییە سیاسیانەی رەخنە لە حکوومەت دەگرن، لە گۆشەیەکی تەنزئامێزدا نووسیویەتی 'بۆ ئەوەی راستی ئەو بانگەشانە دەربکەوێت، باشترە سەرۆککۆمار جارێکی دیکە دەستلەکاربکێشێتەوە تا راستی و دروستی ئەو قسانە دەربکەوێت'. 

دواجار حکوومەتی ئێران هەموو ئەو دەنگۆ و بانگەشانەی لە ناوخۆی وڵاتەکە دژی دەکرێن بە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەبینێت و ناویان دەبات.