محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
دەم پارتی، ئابخازیا، ئێسکیمۆ
بەرلەوەی باسی ئەوە بکەم کە بۆچی بە پێویستم زانی لە سەر ئەم مژار و بابەتە بنووسم، تەنانەت بەرلەوەی ئاماژە بە هەڵە تازەکەی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیادا بکەم، مۆڵەت و دەرفەتی ئەوەم پێ بدەن ئەم وتارە بە چەند پرسیاری سادەوە دەس پێبکەم:
ئایا بۆ کورد و بزاڤی سیاسی کورد لە تورکیا، چارەنووسی سەلاحەددین دەمیرتاش گرنگترە یان ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە توانەوەی سەهۆڵەکانی جەمسەری باشووری جیهان؟
ئایا گەلی کورد لە تورکیا، لە ئێستادا زۆرتر پێویستی بە کۆمەڵێک ئاسانکاری سیاسی و حقوقی و ئابوری هەیە و ئەیەوێ دەوڵەتی تورکیا دان بە ماف و شوناسی ئەودا بنێ، یان دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی گەورەی هەیە سەبارەت بە کەف و لفی ناسراو بە "سیمۆلاژ" لە کەنارەکانی دەریای مەرمەرەدا؟
ئایا گەلی کورد لە تورکیا چاوەڕوانی ئەوەی لە دەم پارتی هەیە کە هەوڵدانێکی جیددی بۆ گۆڕینی ماددەی 66ی یاسای بنەڕەتی کۆماری تورکیا بنوێنێ و بەڕاشکاوی سەرکۆنەی ئەو ماددەیە بکات کە هەموو هاوڵاتیانی تورکیا بە "تورک" ئەزانێ؟ یان چاوەڕوانی ئەوەی هەیە کە دەم پارتی لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە پەرلەمانی تورکیادا نیگەرانی خۆی دەرببڕێ سەبارەت بە گەرمای هاوین و تینویەتی لەڕادەبەدەری بەبر و پڵنگ لە چۆڵگە بێ ئاوەکانی کیشوەری ئەفریقادا؟
تکایە ئاوا بە دڵنیاییەوە مەڵێن: وەڵامی تەواوی ئەم پرسیارانە ڕوون و شەفافن و هەر لێپرسین و قسە و باسی ناوێ! وانییە!
تووشی هەڵە مەبن.
ئەگەر پێوەر و پەیمانەی من و تۆ لە سەر بابەتێک زۆر لە یەک دوور بن، ئەگەر لۆژیکی من و تۆ لە دوو دونیای دژبەیەکدا ڕەگیان داکوتابێ، ئەگەر کەڵکەڵە و دڵەڕواکێ و ئەولەویەتەکانی من و تۆ وەکوو یەک نەبن، بێگومان داوای دوو شتی زۆر جیاواز ئەکەین. ئەمە ڕێک هەمان شتە وا لە ژێر بنمیچی پەرلەمانی تورکیادا ڕوویداوەو من ئەو ڕەفتار و هەڵسووکەوتەی دەم پارتی، وەکو هەڵەیەکی ئیستراتژیکی گەورە لەبەرچاو دەگرم.
هەڵەکە ئەمەیە: کۆمەڵێک لە نوێنەرانی دەم پارتی بە هاوڕێیی برا تورکەکانیان لە پارتی کرێکاری تورکیا – کە ئەڵبەت ئەوانیش بە دەنگی ئەمانەتی کورد و دەم پارتی بوون بە نوێنەر- لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە شێوەیەکی فەرمی، داخوازی ئەوەیان لە دەوڵەتی تورکیا کرد کە پاسپۆرت و بەڵگەی سەفەری خەڵکی "کۆماری ئابخازیا" بە فەرمی بناسێ و مۆڵەت بدات لە نێوان ئابخازیا و تورکیادا، پێوەندی هەوایی و زەوینی هەبێ و وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەگەڵ ئابخازیا مامەڵە بکات!
یەکەم کاردانەوەی گورجییەکانی دانیشتووی تورکیا ئەوە بوو کە بە توندترین شێوە، داخوازەکەی دەم پارتییان ڕەت کردەوەو ئاماژەیان بەوە کرد کە باس و گفتگۆی بەو شیوەیە وەکو هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی وڵاتی جۆرجیا دەبینن. لە هەمان کاتدا، وڵاتی تورکیا، ئابخازیا وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ چاو لێناکات و بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە پرس و کێشەی ئابخازیا، هەردەبێ لەناو چوارچێوەی جۆرجیایەکی یەکپارچەدا چارەسەر بکرێت.
کێشەکە چییە؟
لەڕاستیدا کێشەی سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا خەڵکی لای ئابخازیا مافی سەربەخۆبوونیان هەیە یان نا. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ماک و ماهییەتی دەم پارتی وەکو پارتێکی کوردی لە پەرلەمانی تورکیادا، هیچ جۆرە پێوەندییەکی دوور و نزیکی بە باس و بابەتی قەوقاز و جۆرجیا و ئابخاز و ئەمانەوە نییە. کێشەی دوهەم ئەوەیە: ئەو پارتە وا باسی چارەنووسی کورد و مافی کورد لە تورکیادا ناکات، خۆی بەو خەبات و تێکۆشینەوە ماندوو ئەکات کە دەوڵەتی تورکیا، "کۆماری ئابخازیا" وەکو دەوڵەتێکی فەرمی قبوڵ بکات! کاکە ماندوو نەبن بەڕاستی!
لەوانەیە تۆ بتوانی لە قاوەخانەیەکی دیاربەکر یەن ئەستەمبۆڵ و لە ژیانی ڕۆژانەدا لە سەر هەموو بابەتێک قسە بکەیت و لە هەتران و مەتران، ئەوەی کەیفت لێیە قسەی لەسەر بکەیت، ئیدی ئەوە خەڵکی ناو قاوەخانەکەیە کە بڕیار ئەدەن گوێت لێبگرن یان بۆی هەیە لێت بێزار بن و دوور بکەونەوە، بەڵام دونیای سیاسەت و حیزب وانییە. بەتایبەتی ئەو حیزبە وا لە دیمۆکراسییە دژوار و پڕ لە رکەبەرییەکەی تورکیادا دوای خەبات و تێکۆشینی زۆر، لە کۆی 600 کورسی، 60 کورسی ئەگرێتە دەست، نابێ باس لە هەمو بابەتێک بکات و ئەولەویەتەکانی خۆی نەناسێ.
لەڕاستیدا حیزب، ئەو دام و دەزگا سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناسراوەیە وا بە ئامانج و ئەولەویەت و بەرنامەیەکی دیار و ناسراو دێتە مەیدان و بە پێی ئاستی هێز و توانا و ئیمکانی خۆی، یەک دانە ئەولەویەتی ناوەندی و گەورە دەستنیشان دەکات، دوو سێ ئەولەویەتی مامناوەندی و سێ چوار ئەولەویەتیری بچوک. ئینجا بە پێی ئەوم ئەولەویەتانە، سنووری خۆی لەگەڵ حیزبەکانیتر دیار ئەکات و بە پێی نەخشەڕێ و پڕەنسیپ و پێوەر، کات و مەجال و ئیمکانەکانی خۆی وەکار دێنێ و چالاکی ئەنوێنێ.
ناکرێ تۆ پارتێکی سیاسی کوردی بیت و باسی کورد و کوردایەتی نەکەیت و ئەولەویەتەکانت بە هیچ جۆرێک، پێوەندی بە خەم و کەڵکەڵە و پێویستیەیکانی ئەو خەڵکەوە نەبێ وا دەنگیان بە تۆ داوە. بە تایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە تواوی میدیا و ڕۆژنامە و سۆشیلا میدیای تورکیا باسی چەکدانانی پەکەکە و گەرانەوەی شەڕڤانەکانی پەکەکە دەکات، ئایا کاری ژیرانە و پێویست ئەوەیە کە دەم پارتی داوای ڕزگاریبوونی سەرۆکە لەبەندکراوەکەی خۆی واتا سەلاحەددین دەمیرتاش بکات، یان بڕواتە سەر باس و بابەتی ئابخازیا و ئالاسکا و ئیسکیمۆکان؟
دەم پارتی ئەبێ خۆی ئامادە بکات ئەگەر هات و نوێنەرێکی دەوڵەتی جۆرجیا لێی هاتە دەنگ و ئەم پرسیارەی کرد، وەڵام چییە: ئێوە کە باسی مافی کورد و مافی دەسنیشانکرانی چارەنووسی کورد ناکەن، چیتان داوە لە مافی ئابخازیا؟!