هێگسێت ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەگەڵ جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکان دەکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵ بە پشتبەستن بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی بڵاویکردەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگیی ئەمریکا تاوتوێی بانگهێشتکردنی سەدان فەرماندەی باڵای سەربازی دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە بنکەی مەشقی هێزەکانی دەریایی کوانتیکۆ.

هەینی 28ـی ئابی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێدەچێت هێگسێت بنکەی کوانتیکۆ وەک سەکۆیەک بەکاربهێنێت بۆ خستنەڕووی کارە لە پێشینەکانی سوپای وڵاتەکەی و راگەیاندنی کۆمەڵێک رێنمایی نوێ بۆ سوپا، بەڵام هێشتا بە روونی دیار نییە ئەو کۆبوونەوە پێشنیازکراوە کەی بەڕێوەدەچێت و ئایا ئامادەبوونی سەرجەم جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکان لەو کۆبوونەوەیەدا ناچارییە یان نا.

ئەو کۆبوونەوە پێشبینیکراوە ئاماژەیەکە بۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کە هێگسێت لە ئەیلولی رابردوودا لە کوانتیکۆ بەڕێوەی برد، لەو کۆبوونەوەیەدا، هێگسێت داوای لە جەنەراڵ و ئەدمیراڵەکانی سەرجەم بەشەکانی سوپای ئەمریکا کرد بەبێ کاتێکی زۆر و بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارێکی سەرەتایی، لەوێ کۆببنەوە.

هێگسێت لەو کاتەوەی پۆستی وەزیری جەنگی ئەمریکای وەرگرتووە، هەوڵیداوە هەنگاوەکانی تایبەت بە فرەچەشنی و یەکسانی و گشتگیری لەنێو وەزارەتی جەنگدا هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها زیاتر سەرەنجی خستووەتە سەر ئامادەییی جەستەیی، دەرکەوتن و پێوەرە سەربازییە تەقلیدییەکان.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، هێشتا روون نییە ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو کۆبوونەوەیەی کوانتیکۆ ئامادە دەبێت یان نا.