سوپای پاسداران: هێرشمان کردە سەر بنکەی عەلی سالم لە کوەیت

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا رایگەیاند،؛ هێزەکانیان هێرشێکی فراوانیان کردووەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەلی سالم لە کوەیت، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراوە.

لە راگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران دەربارەی هۆکاری هێرشەکە هاتووە: "ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک کاردانەوەیەکی راستەوخۆ و تۆڵەسەندنەوە بووە بەرامبەر بە بۆردومانکردنی ماڵێک لە ناوچەی سیریک."

سەبارەت بە ئەنجامی هێرشەکە، سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات، زیانی گەورەی گیانی و ماددییان بە هێزەکانی ئەمریکا گەیاندووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی کوژراون."

هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، لەو هێرشەدا توانیویانە چەندین درۆنی هێرشبەری ئەمریکی لە ناو بنکەی عەلی سالم بە تەواوی تێکبشکێنن و لەناوی ببەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا، رایگەیاند؛ لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، 11 کەس کوژراون.

ئاژانسەکە ئاماژەی کردووە، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر پارێزگای خووزستان باشووری رۆژئاوا حەوت کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر بەگوێرەی  هەواڵەکەی ئیرنا، چوار کەسی دیکە کە لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا بوون لە شاری کوهستاک لە پارێزگای هورموزگان باشووری رۆژهەڵات گیانیان لەدەستداوە.

شەوی سێشەممە 1ـی ئەیلوولی 2026، هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکی ئاسمانیی بەرفراوانیان بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەوروبەری گەرووی هورمز و کەناراوەکانی باشووری ئەو وڵاتە دەستپێکرد، هاوکات دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شار و دوورگە کەناراوییەکانی ئێران لەسەر کەنداو و دەریای عومان بیستراون.

 بەگوێرەی راگەیەندراوی سێنتکۆم، کاتژمێر 7:00ـ بە کاتی هەرێمی کوردستان، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە بۆردوومانکردنی چەندین پێگە و ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) کردووە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئەم هێرشانە لە وەڵامی هەوڵەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسداران دێن بۆ بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی بازرگانی لە گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.