وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: داڕمانی ئابووریی ئێران پەیوەستە بە کاتەوە

وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، داڕمانی ئابووری ئێران ئێستا تەنیا مەسەلەی کاتە. جەختیشی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە توندکردنی گەمارۆ داراییەکان تا ئەو کاتەی تاران ئامادە دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، رایگەیاند، هاوپەیمانانی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ کەمپەینی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران دەربڕیوە. ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن راوەدووی هەر قەوارە و لایەنێک دەنێت، هاوکاری دارایی پێشکەش بە کۆماری ئیسلامی بکات.

بێسێنت باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی کار دەکات بۆ داخستنی هەر دەرگایەک کە بۆ گواستنەوەی پارە بۆ ناو ئێران بەکاربهێنرێت. گوتیشی: "ئێستا تاران توانای دەستڕاگەیشتنی بە دۆلاری ئەمریکی نەماوە."

ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی کەمپەینێکی فراوانی فشارە ئابوورییەکاندایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هاوشان لەگەڵ جووڵە سەربازی و دەریاییەکان، دژی ئێران پەیڕەوی دەکات. ئامانجی ئەم فشارانە بڕینی دەستی تارانە لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی و رێگریکردن لە دابینکردنی بودجە بۆ چالاکییەکانی.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وێنەیەکی تاریکی بۆ داهاتووی ئابووریی ئێران کێشا و گوتی داڕمانی نزیکە. بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی، ئاماژەی بە لێدوانەکانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران کرد، تێیدا دانیان بە بوونی کێشە گەورە ئابوورییەکانی وڵاتەکەیاندا ناوە.

ئێستا ئێران بەدەست دابەزینی بەهای تمەن، هەڵاوسانی بەرز و سەختی دەستکەوتنی دراوی بیانی گرفتارە. بەڵام شارەزایان پێیان وایە کاریگەریی کەمپەینە نوێیەکەی واشنتن بەستراوەتەوە بە توانای تاران بۆ بەردەوامبوون لە بازرگانی لەڕێگەی هاوبەشەکانی و تۆڕە داراییە جێگرەوەکانەوە.

بێسێنت جەختی کردەوە، ئامانجی کۆتایی ئەم فشارانە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو سیاسییە، تا ئەو کاتەی ئێران ناچار دەبێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. هەروا ئێرانی بە بەرپرسیار زانی لە شکستهێنانی لێکگەیشتنەکانی پێشوو و گوتی: "ئێرانییەکان بۆ رێککەوتن ئامادە نین."

سەبارەت بە رۆڵی چین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، گفتوگۆی بنیادنەریان لەگەڵ بەیژینگدا هەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد، چین رەتیکردووەتەوە بچێتە پاڵ بەیاننامەی وەزیرانی دارایی گرووپی بیست (G20) دژی ئێران. چین وەک کڕیارێکی سەرەکی نەوتی ئێران، دەورێکی گرنگ لەم هاوکێشەیەدا دەگێڕێت.

لە لایەکی دیکەوە، گرووپی20 داوای دابینکردنی گەشتی دەریایی ئارام و ئازادیان لە گەرووی هورمز کرد، ئەمەش دوای زیادبوونی گرژییەکان و هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا، واشنتن هەوڵ دەدات لە رێگەی سێگۆشەی "سزا، فشاری دیپلۆماسی و ئۆپەراسیۆنی سەربازی"، تێچووی رووبەڕووبوونەوە بۆ تاران زیاد بکات. بێسێنت دووپاتی کردەوە، کەمپەینی فشارەکان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئێران هەڵسەنگاندن و حیساباتەکانی خۆی دەگۆڕێت.