لە هەرێمی کوردستان قوربانیانی رووداوەکانی هاتوچۆ 70%ـی کەمی کردووە
قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەشت ساڵدا بە رێژەی 70%ـی کەمیان کردووە و ئەم دابەزینە بە پێوانەیی هەژمار دەکرێت. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی کە بە کوردستان24 دراون، ژمارەی گیانلەدەستدان لە نێوان ساڵانی 2017 و 2018دا نزیکەی 300 کەس بوو، بەڵام لە ساڵی 2025دا ئەو ژمارەیە بۆ 89 کەس دابەزیوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەم دەستکەوتە بۆ جێبەجێکردنی پلانی چاکسازیی حکوومی لە کەرتەکەدا دەگێڕنەوە. پلانی چاکسازی بریتی بووە لە توندوتۆڵکردنی رێوشوێنەکانی سەلامەتیی رێگاوبانەکان، دانانی کامێراکانی چاودێریی خێرایی و پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبانەکان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەژێر چاودێریی کابینەی نۆیەمدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، هێمن حەمەدئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ساڵی 2025 لە سنووری پارێزگای هەولێر 555 رووداوی هاتوچۆ تۆمار کراون، کە بەهۆیانەوە 78 کەس گیانیان لە دەستداوە و 576 کەسیش بریندار بوون. لەو ژمارەیە 83 رووداو پەیوەندییان بە مۆتۆرسکیلەوە هەبووە.
حەمەدئەمین روونیکردەوە، ئەم ئامارانە تەنیا ئەو رووداوانە دەگرنەوە کە بە شێوەی فەرمی تۆمار کراون، لە کاتێکدا هەندێک رووداوی تر هەبوون بە رەزامەندیی نێوان لایەنەکان کۆتاییان پێهاتووە و نەگەیشتوونەتە دەزگا فەرمییەکان.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم دابەزینە ئەنجامی راستەوخۆی ئەو رێوشوێنانەیە کە لە بواری سەلامەتیی هاتوچۆدا گیراونەتە بەر. بە گوتەی میرانی، کەمبوونەوەی خێرایی شۆفێری لە سەرووی 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک بۆ 60 کیلۆمەتر بەهۆی کامێراکانی چاودێری و گۆڕانکاری لە دیزاینی رێگاوبانەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کۆی گشتیی رووداوەکانی هاتوچۆ بەراورد بە ساڵانی پێشوو 64% کەم ببێتەوە.
بەپێی ئەو داتا فەرمییانەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەدەست کوردستان24 کەوتوون، کۆی گشتیی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 661 کەس، کە 510 کەسیان نێر و 151 کەسیان مێ بوون. ئەم جیاوازییە رەگەزییە لەگەڵ ئامارە جیهانییەکاندا هاوتایە، کە پیاوان بەهۆی زۆرتر بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و هەڵسوکەوتی مەترسیدار لە کاتی شۆفێریدا، قوربانیی سەرەکیی رووداوەکانن.
تۆمارکردنی تەواوی مۆتۆرسکیلەکان یەکێک لە دەستکەوتە کارگێڕییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە ئێستادا سەرجەم مۆتۆرسکیلەکان لە سیستمی حکوومەتدا تۆمار کراون و خاوەنەکانیان ناسراون، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان چاودێریی تەواویان بەسەر هۆکارەکانی گواستنەوەدا هەبێت، یاساکانی بەکارهێنانی کڵاوی سەلامەتی جێبەجێ بکرێن و مۆتۆرسکیلە تێوەگلاوەکان لە رووداوەکاندا بە ئاسانی بدۆزرێنەوە.
ئەم پێشکەوتنە لە ئاستی ناوچەییدا جێگەی بایەخە، چونکە کەمبوونەوەی رێژەی مردن بە 70%، هەرێمی کوردستان دەخاتە ریزبەندی ئەو ناوچانەی کە لە ماوەیەکی کەمدا گەورەترین پێشکەوتنیان لە بواری سەلامەتیی هاتوچۆدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کردووە. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەلامەتیی رێگاوبانی کردووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کارنامەی خزمەتگوزاری و گشتگیرکردنی ژێرخانەکەی.
لەگەڵ ئەم دەستکەوتانەدا، هێشتا ئاستەنگێک لەنێوان ژمارەی رووداوە فەرمییە تۆمارکراوەکان و رووداوە راستەقینەکاندا هەیە. ئەم دۆخەش پێویستی بە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و ئاسانکاریکردنی زیاتر لە رێکارەکانی تۆمارکردنی رووداوەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سەرجەم حاڵەتەکان بە تەواوی بچنە ناو چوارچێوەی ئامارە فەرمییەکانەوە.