لە سووریا هێرش دەکرێتە سەر ئەو تانکەرانەی سووتەمەنی بۆ عێراق دەگوازنەوە
هەواڵی هێرشکردنەسەر ئەو تانکەرانەی سووتەمەنی لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازنەوە بڵاوبووەتەوە و وەزارەتی نەوتی عێراق جەختدەکاتەوە، پاراستنی ئەو کاروانانە لە ئەستۆی لایەنی سووریایە.
لەو بارەوە سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، هێشتا هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی ئەو هێرشانە پێ نەگەیشتووە، لەکاتێکدا دەنگۆی بۆسەدانان لەسەر رێگەکانی گواستنەوە بڵاوبووەتەوە، رووکابی روونیکردەوە، بەپێی بەندەکانی گرێبەستی نێوانیان، پاراستنی کاروانەکان لە ئەستۆی لایەنی سووریایە و دەبێت بەبێ هیچ گرفت و لەمپەرێک بگەنە نێو خاکی عێراق.
ئەم دۆخە گومانەکانی لەبارەی ئاسایشی رێگەی گواستنەوەی وزە زیاتر کردووە، سنوورەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا بەردەوام گۆڕەپانی ململانێ بوون و لێدانی تانکەرەکانیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دابینکردنی وزە دروست دەکات.
ئەم دۆخە دەیسەلمێنێت هێنانی سووتەمەنی، پێش ئەوەی پێویستی بە رێککەوتنی سەر کاخەز هەبێت، پێویستی بە مسۆگەرکردنی رێگەیەکی پارێزراوە، تا گیانی شۆفێران لە مەترسی و باری تانکەرەکان لە تەقینەوە پارێزراو بن.