بانکی ناوەندی: حەواڵە کۆنەکان بە نرخی پێشوو خەرج دەکرێن و جیاوازیی نرخ لە بازرگانان وەرناگیرێت
بانکی ناوەندیی عێراق راگەیەندراوێکی فەرمیی لەبارەی حەواڵە داراییەکانی بازرگانان بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، کار لەسەر دەرکردنی کارتێکی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی دەکات.
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەدواداچوون بۆ ئەو پرۆسە بانکییانە دەکات کە پێش و پاش هەموارکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ کراون و دڵنیا دەبێتەوە بانکەکان پابەندی رێنمایی و مەرجە کارپێکراوەکان دەبن، بە شێوازێک مافی بازرگانان و کڕیاران بپارێزێت.
بانکی ناوەندی، داوای لە سەرجەم ئەو کۆمپانیا و بازرگانانە کرد کە حەواڵەکانیان تایبەت بە دابینکردنی پارەی هاوردەکردن پێش 7/10/2026 شایستەی جێبەجێکردن بوون، سەردانی بانکی تایبەتمەند بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی حەواڵەکانیان، بەتایبەت کە پێشتر بانکی ناوەندی هەژماری بانکەکانی بۆ داپۆشینی ئەو حەواڵانە پتەوکردووە و پارەی بۆ دابین کردوون.
بانکی ناوەندی جەختیکردەوە، بەدواداچوون بۆ هەر جۆرە دواکەوتنێک دەکەن و پشکنین بۆ ئەوە دەکەن هیچ جیاوازییەکی نرخی ئاڵوگۆڕ نەخرێتە سەر شانی بازرگانان لەبارەی ئەو حەواڵانەی سەلمێنراوە کڕدراون و لەسەر نرخە کۆنەکە دابینکراون.
لە حاڵەتی هەر دواکەوتنێک یان داواکردنی بڕە پارەی زیادە، بانکی ناوەندی رێگەی پێشکەشکردنی سکاڵای لە رێگەی پلاتفۆرمی تایبەتی بانکەکە یان ناردنی ئیمەیڵ بۆ ناونیشانی ([email protected]) دیاریکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بانکی پەیوەندیداردا بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی ناوەندی بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، خەریکی کارکردنە بۆ دەرکردنی کارتێکی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی بۆ بازرگانە بچووکەکان، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ دابینکردنی دارایی هاوردەکانیان بەپێی ئەو رێکار و مەرجانەی بانکەکە دیارییان دەکات.