بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بازاڕی ئۆتۆمبێلی سستکردووە

دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە هەرێمی کوردستان تووشی سڕبوونێکی لەناکاو کردووە و جووڵەی مامەڵەکانی بە تەواوی پەکخستووە؛ بازرگانان و پێشانگادارانیش هۆشداری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان دەدەن.

سەرەڕای ئەوەی کە مامەڵە و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشانگاکاندا بە سەوزی (دۆلاری ئەمریکی) دەکرێت، بەڵام دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، دڵەڕاوکێیەکی قوڵی لەلای هاووڵاتییان دروستکردووە. ئەم دۆخە وا لە هاووڵاتییان کردووە کە لە ترسی زیانگەییشتن بە سەرمایەکانیان، دەست لە کڕین و فرۆشتن هەڵگرن و بێدەنگی باڵی بەسەر بازاڕدا بکێشێت.

لە لای خۆیانەوە، بازرگانان و خاوەن پێشانگاکان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەم دۆخی وەستان و پەککەوتنە بەردەوام بێت، ئەوا لە رۆژانی داهاتوودا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخەکانیشدا.

لەوبارەیەوە، مامەڵەکارێکی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان24) ڕایگەیاند: «لە دوای دابەزینی بەهای دینارەوە، بازڕەکە بە تەواوی چۆڵ بووە و هیچ کەسێک ئامادە نییە مامەڵە بکات، بەجۆرێک لەم ماوەیەدا نەمتوانیوە یەک مامەڵەی کڕین یان فرۆشتنیش ئەنجام بدەم.»

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا تەواوی پێشانگاکان لە چاوەڕوانیدان و هەمووان چاویان لەسەر چارەنووسی دینارە، پێش ئەوەی هیچ بڕیارێکی نوێ لەسەر مامەڵەکردن بدەن.

چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بیست و دووەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە بوو کە لەلایەن وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرابوون.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:

یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.

دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.

سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.

حامید نەعیم غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەست پێدەکات.