بەرەی تورکمانی کاندیدی پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکات
بەرەی تورکمانی سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکووکە و لە ئێستاشدا دوو سەرکردەی حزبەکە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەستنیشان کراون.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، بەدواداچوونی بۆ پرسی دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک لە پشکی تورکمان کردووە. لەم چوارچێوەیەدا قەحتان وەندی، سەرۆکی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی، پێی راگەیاند، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە مافی خۆیان دەزانن.
سەبارەت بە محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی، پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، ئەو، تەنیا 15 رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی یەکلایی بکاتەوە. بەپێی یاسا دەبێت مەرسوومی سەرۆکایەتیی بۆ دەربچێت تاوەکو لە پۆستی وەزیری دەوڵەت دەستبەکار بێت. ئەگەر لەو 15 رۆژەدا فەرمانەکەی بۆ دەربچێت یان دەرنەچێت، وەک وەزیری دەوڵەت هەژمار دەکرێت و دەستبەکار دەبێت، بەمەش ناتوانێت پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت.
هەر لەم بارەیەوە، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەم یەک دوو رۆژەدا بەرەی تورکمانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی کاندیدێک دیاری بکات تاوەکو لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەستبەکار بێت.
دەربارەی ناوی کاندیدەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، هەریەک لە ماردین جوج قایە و قەحتان وەنداوی کاندید بوون، بەڵام قەحتان وەندی رەتیکردووەتەوە تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگ ئەو پۆستە وەربگرێت. بەمەش لە ئێستادا تەنیا ماردین جوج قایە ماوەتەوە، ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا کاندیدی دیکە نەبێت، پۆستەکە دەدرێتە ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێک لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەکەدا رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشان کران، کە لەلایەن بەشێکی ئەندامانی عەرەبەوە بریتی لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی پشتیوانییان لێکرا. رۆژی 16ی نیسانی 2025، رێبوار تەها پۆستی پارێزگاری کەرکووکی رادەستی تورکمان کرد و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعانی بە پارێزگار هەڵبژارد.