محەمەدعەلی دەستماڵی
نووسەر
راستییەکانی خەڵاتی ئەردۆغان بۆ ئەحمەدی خانی
ئەمساڵ لە تورکیا، ناوی زانا و شاعیری گەورەی کورد واتا مامۆستا ئەحمەدی خانی خاوەنی مەم و زین، کەوتە ناو ئەو لیستە و قائیمەیە کە بەناوی خەڵاتی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە بە شێوەیەکی ساڵانە پێشکەش دەکرێت بە گەورەکانی بواری چاند و زانست و هونەر.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بەرزڕاگرتنی یادی خانی بەرزەناو، وەکوو قەدرزانین و یادکردنەوەی زانایەک راگەیاندووە کە هێمای وەفا و پێکەوەبوونە. بڕیار وایە عەبدوڵڵا کەسکین خاوەنی وەشانخانەی ئاڤێستا کە لە ئەستانبۆڵ و ئەنقەرە و ئەوروپا و کوردستان، هەوڵی زۆری بۆ وێژەی کوردی و بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی خانی داوە، بڕواتە کۆشکی بێشتەپە و ئەم خەڵاتە وەربگرێت.
بۆ ئەوەی لە مەبەستی ئەردۆغان و ئاکپارتی تێبگەین، ئاماژە بە چەند خاڵێک ئەکەم، بەڵام بەر لە هەموو شتێک، خودی پەیامەکەی ئەردۆغان ئاوەهایە "سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ توێژەران و کەسایەتییە رۆشنبیرییەکان و هونەرمەندانی بەنرخمان دەردەبڕم کە بە شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی رۆشنبیری و هونەری سەرۆکایەتی ساڵی 2026 ناسێنراون بۆ خزمەتە بێهاوتاکانیان بۆ وڵاتەکەمان، هەروەها بە رەحمەتەوە رێز لە یادی ئەحمەدی خانی دەگرم کە یەکێک لە ئەستێرەکانی جیهانی دڵ و هزری ئێمەیە". دیارە لەبەرئەوەی لە زمانی تورکی ئێستادا پیتی "خ" نەماوە، ئەردۆغان ئەڵێ "هانی". واتا تەنانەت ئامادە نییە بۆ نمایشی هاودڵی و ئەمپاتی، وەکوو کورد، بە پەیتی "X" ناوەکە بە شێوەی ناسراوی " Xanî " بنووسێ و لە لای ئەو "Hani" دروستە.
یەکەم: وشەکان ئەڵێن چی؟
ئەوانەی وا سیاسەتی تورکیا و ئاکپارتی و رێبازی ئەدەبی سیاسی ئەردۆغان و تاخمەکەی دەناسن، جوان ئەزانن کە لە ئەدبیاتی دیوانسالاری و دەسەڵاتی تورکیادا، وشەکان بە وردبینی زۆرەوە هەڵئەبژێردرێن و لەوپەڕی هەستیاریدا بەدوای وشە و زاراوەیکدا ئەگەڕێن کە بە ئامانجێکی ڕوون هەڵبژێردێ و ئەملاو ئەولای پێناکرێت.
بۆ وێنە، ئەردۆغان ناڵێ "خانی شاعیری گەورەی کورد".
ئەردۆغان ناڵێ "خانی گەورە کە ئەستوندەکی چاند و زمانی کوردی و جێی خۆشەویستی برا و خوشکە کوردەکانمانە".
ئەردۆغان ناڵێ "خانی کە خاوەنی بەرهەمە نایاباکەی مەم و زینە".
نەخێر.
بەس ئەوندە "یەکێک لە ئەستێرەکانی جیهانی دڵ و هزری ئێمەیە". لەم دێڕەدا بەکارهێنانی جێگرەوەی "ئێمە" زۆر زۆر گرینگە. ئەمە یەکێک لە هێما و کلیلەکان یان کورمانجی وتەنی مفتێی تێگەیشتن لە سیاسەتی قەومی و نەتەوەیی تورکیایە. کە ئەڵێ "ئێمە" مەبەستەکەی ئەوەیە کە خانی لە لای ئەردۆغان و ئاکپارتی وەکوو بەشێک لە سامانی تورکیا و ئیسلام ئەناسرێ و پێیان خۆش نییە وەکوو ئەستوندەکی شوناسی کورد و کوردایەتی ئاماژەی پێبکرێت. کە وایە نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە بۆ وێنە ئەم خەڵاتە بە یادی بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە بدرێ. نەخێر. ئەبێ بەدوای شتێکدا بگەڕێ کە بۆنی ئەوەی لێ نەیێ کە گوایە دانی بە هەبوونی کورد و شوناسی کورددا داناوە. رەنگە حکوومەتی تورکیا بیەوێت لە چوارچێوەی گێڕانەوەی هەمەلایەنەی شارستانیەت و کولتووری جیهانی ئەنادۆڵ و ئیسلامیدا پێناسەی ئەحمەدی خانی بکاتەوە؛ واتە وەک یەکێک لە پایەکانی یادەوەری مێژوویی کورد نا، وەکوو ناساندنی خانی لە سیمای یەکێک لە پیرە باوەکانی خاکەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا. بەڵام ترسی من ئەمەیە: رەنگە بەرامەی شوناسی کوردایەتی ئەو کەسایەتیانە لە گێڕانەوەی فەرمیدا کەم ببێتەوە و توخمەکانی زمانەکەیان و خۆئاگاداری مێژوویی و بیری سیاسی، وە پەراوێز بخرێن.
دیارە لە لای ئێمەی کورد، خانی، کانیاوی گیان و وێژە و ڕاچڵەکانی شوناس و ئەوینە. وەکوو مامۆستا فەرهاد شاکەلی ئەڵێ، خانی لە سەدەی حەڤدەی زایینیدا و لەوپەڕی زانابووندا، جۆرێک لە وشیاربوونەوەی نەتەوەیی ئەخاتە بەرچاو و باسی بێدەسەڵاتی و بێدەوڵەتی کوردان ئەکات. بەڵام ئەردۆغان و تاخمەکەی، پێیان خۆش نییە ئاماژە بەو بەشە لە کەسایەتی خانی بکرێت. کە وایە، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر پێمان وابێ کە تورکیا بەم هەنگاوە، هەبوونی کورد بە فەرمی ئانسێنێ. نەخێر.
بە پێی ماددەی 66ـی یاسای بنەڕەتی تورکیا، ڕاشکاوانە هەموو شارومەندێکی تورکیا بە "تورک" ئەناسرێ و ئەردۆغان ئامادە نییە ئەو ماددەیە بسڕێتەوە. (سنەیی ئەڵێن با قسەیەکیش بکەین بۆ دز! خوا هەڵناگرێ، پەکەکەش داوای سڕینەوەی ئەو ماددەیە ناکات و کۆی قوسوورەکە، تەنیا لە سەرشانی دەوڵەت نییە!).
دوهەم: برا کوردەکان
هەڵبژاردنی ناوی ئەحمەدی خانی بۆ ئەو بۆنە ساڵانەیەی کۆشکی سەرۆک کۆمارێتی تورکیا، لەڕاستیدا، جۆرێک لە "سیمای کوردی خوازراوەی لای دەسەڵات" ئاشکرا ئەکات. وەکوو چۆن بە درێژایی ئەم هەموو ساڵانە، کوردانی وەکوو مەهدی ئەکەر و هاشم هاشمی و ئەنساری ئۆغڵۆ و ئۆرهان ئۆغڵۆ و کەسانیتر، وەکوو کوردی تایبەتی ئاکپارتی ناسێندراون، ئەردۆغان بەم خەڵاتە، ئەو ڕاستییە ئاشکرا ئەکات کە لە دواڕۆژدا، ئامادەیە لەگەڵ ئەو لایەنە کوردییە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی بکات کە ئەولەویەتی یەکەمی شوناسەکەی ئەوان، هاوبەشبوونی ئیسلامی – تورکییە، ئینجا ئەگەر بەهاراتی کوردایەتی پێوە بکرێ، کێشە نییە.
ئایا ئەمە تەنیا سیاسەتی تورکیایە؟
نەخێر! بێگومان روانینی تاران و شام و بەغداش هەر ئەمەیە.
بۆ وێنە وەکوو چۆن لە تاران و لەلای بەشێکی دەزگای حاکیمییەت، ئەدەب و وێژە و وشەی کوردی بە مامۆستا هەژارەوە ئەناسرێ و سیمای هێمن و کەسانیتر ناخرێنە بەرچاو، دەوڵەتەکەی ئاکپارتیش ڕوانینێکی وەهای هەیە. ئەمانە بنەماکانی سیاسەتی قەومی و نەتەوەیی ئەم دەوڵەتانەن. کە وایە نە گەلی کورد و نە ئەحمەدی خانی و نە عەبدوڵا کەسکین، موحتاجی ئەو خەڵاتە نین. ئەوە خودی دەوڵەتەکەی ناوەندە کە بە شێوەیەکی سروشتی حەزی لە کایەی دەزگای دەسەڵاتە.
دەمێکی دوور و دریژە لە تورکیادا سیاسەتی کۆن و نەژادپەرستانەی قۆناخی پێشوو وەلاوەنراوەو لە ئێستادا حاڵ و باڵێکی ئاوەها ئەبینرێ: بەشێوەی فەرمی دان بە هەبوونی کورددا نەنراوە بەڵام چیدی ناڵێن کورد، تورکی سەرشاخەکانن!.
لە ئێستادا، کورد لە ئەستانبۆڵ و دیاربەکردا، خاوەن دەیان وەشانخانەی گەورەن و ئەتوانن بە کورمانجی و زازاکی بەرهەم بڵاو بکەنەوە. ئایا ئەو بەرهەمانە، لە ئاستێکی هیوابەخشدا، کڕیار و خوێنەریان هەیە؟.
ئایا دوای دامەزرانی بەشی کوردی لە چوار زانکۆی گەورەی تورکیادا، بەکارهێنانی زمانی کوردی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا، بەربڵاوتر بووە؟.
ئایا دوای چەکداماڵینی پەکەکە، مەیدانێکی بەرفرە هەیە بۆ چالاکی سیاسی و چاندی کوردەکان؟
ئایا رێکخراوەی مەدەنی و سیڤیل چالاکانە دێنە مەیدانەوە؟.
ئایا ئاکپارتی و پەکەکە لەمە بەدواوە هەموو بوار و مویدانەکانی سیاسەت و چاند و میدیا و رۆشنبیری قۆرص دەکەن و هیچ لایەنێکیتر بواری کار و چالاکی نابێت؟
پێم وایە ئەم پرسیارانە زۆر گرنگتر لە کایەکانی ناو دونیای دەسەڵاتە.