دەیان هەزار هاووڵاتی دژی بڕیارەکانی عێراق خۆپیشاندان دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە شاری هەولێر، لەسەر بانگەوازێکی نیشتمانیی پارێزگای هەولێر کە لە دوێنێوە راگەیەندراوە، هەزاران قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، کاسبکار و هاووڵاتییانی ئاسایی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق بەرەو سەنتەری شار بەڕێدەکەون.

ئەحمەد عەبدولسەمەد پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، بەشداربووان لە تەواوی ئەو رێڕەوانەی بەرەو سەنتەری شاری هەولێر دەچن بەرێگەوەن، لە بەشی رێگای کەرکووکەوە، کە یەکێکە لە شادەمارە سەرەکییەکانی گەیشتن بە سەنتەری شار، لە کاژمێر 9:00 تاوەکو 9:30ـی بەیانی قوتابییان، مامۆستایان و هاووڵاتییان پەیتا پەیتا بە پیادەڕەو و رێپێوان دەستیان بە جووڵە کردووە، بۆ ئەوەی لە کاژمێر 10:30 و لەگەڵ کاتی دەستپێکی فەرمیی خۆپیشاندانە مەدەنییەکەدا بگەنە سەنتەری شار.

پێشبینی دەکرێت تەنها لەم رێگایەوە هەزاران کەس بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنها سەرۆکایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین 16 کۆلێژ و 89 بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت، جگە لە زانکۆی پۆلیتەکنیک، زانکۆ تایبەتەکان و سەرجەم پەیمانگا جیاوازەکانی دیکە کە لەسەر رێڕەوەکە تێکەڵ بە رێپێوانەکە دەبن.

بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە لە رێگەی گوتنەوەی دروشم و گەیاندنی پەیامەکانیانەوە، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر کۆمەڵێک بڕیاری دژ بە هەرێمی کوردستان دەردەبڕن، لەوانە دوایین بڕیارەکان و تەواوی ئەو بڕیارانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە بڕینی مووچە و پرسە ئابووری و سیاسییەکاندا دراون. خۆپیشاندەران ئەم هەنگاوانە بە دەرەنجامی پێشێلکردنی بەردەوامی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دادەنێن.

لە ناوەڕۆکی ناڕەزایەتییەکاندا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە فیدراڵی لە عێراقدا لە پاشەکشەدایە و تەنها لە چوارچێوەی پەیامی سەرکردە سیاسییەکانی عێراقدا ماوەتەوە، بێ ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بکرێت.

لەم بارەیەوە، پسپۆڕانی یاسایی و سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە فیدراڵی لە عێراقدا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە؛ بەو پێیەی هەرچەندە دوای ساڵی 2003 و نەمانی رژێمی پێشوو دەستووری عێراق لەسەر بنەمای فیدراڵی نووسراوەتەوە و حوکمڕانی لەسەر ئەو بنەمایە نەخشەسازی بۆ کراوە، بەڵام لە ئەمری واقیعدا بوونی نییە و لە رێگەی یاسا و دەسەڵاتە سیاسییەکانی عێراقەوە دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت.