توركيا و په‌كه‌كه لێدوانى دژ به يه‌ك ده‌ده‌ن
توركيا بۆردومانكردنى باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان و چه‌كدارانى داعشى ده‌ستپێكردووه و به‌رپرسێكى سه‌ربازى په‌كه‌كه‌ش رايگه‌ياند، له سايهى بۆردومانه‌كانى توركياوه قسه‌كردن له باره‌ى ئاگربه‌ست هيچ مانايهكى بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه.
K24- هەولێر
توركيا بۆردومانكردنى باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان و چه‌كدارانى داعشى ده‌ستپێكردووه و به‌رپرسێكى سه‌ربازى په‌كه‌كه‌ش رايگه‌ياند، له سايهى بۆردومانه‌كانى توركياوه قسه‌كردن له باره‌ى ئاگربه‌ست هيچ مانايهكى بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه.
له شه‌وى شه‌ممه‌ى رابردووه‌وه، هێزه‌كانى سووپاى توركيا و فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى ئه‌و وڵاته زنجيرهيهك هێرشى ئاسمانييان كرده سه‌ر باره‌گاكانى پارتيى كرێكارانيى كوردستان له ناوچه سنوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و توركيا.
له به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه ئه‌حمه‌د داوودئۆغڵۆ، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا، ده‌ريكردووه، هاتووه، شه‌وى هه‌ينى له‌سه‌ر شه‌ممه، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركيا 7 شوێنى ژێر ده‌سه‌ڵاتى په‌كه‌كه‌يان له "باكوورى عێراق" كردووه‌ته ئامانج.
له به‌رامبه‌ردا، سه‌ركردايه‌تى پارتيى كرێكارانيى كوردستان، ئيدانه‌ى بۆردومانه‌كانى توركياى كرد و رايگه‌ياند، ئه‌و ئاگربه‌سته بنكۆڵكراوهى له 2013ه‌وه له نێوان هه‌ردوولا هه‌بوو، هيچ مانايهكى بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه.
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا له به‌ياننامه‌كه‌يدا ئه‌وه‌شى باسكردووه، فڕۆكه‌كانى توركيا له يه‌ك كاتدا بۆردومانى داعش له سووريا و باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان له "باكوورى عێراق"ده‌كه‌ن.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له لايه‌ن توركياوه، بۆ يه‌كه‌مجاره به ره‌سمى رابگه‌يه‌ندرێت، دواى ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى بێده‌نگبوونى توركيا له ئاستى تاوانه‌كانى داعش ئاراسته‌ى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌و وڵاته ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان ده‌كران.
هاوكات مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، له ميانهى په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى نێوان خۆى و ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵۆى سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا "ره‌شبينى خۆى له په‌ره‌سه‌ندنى مه‌ترسيدارى ره‌وشه‌كه ده‌ربڕيوه و داوايكردووه هه‌ردوولا بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وتوێژ و ئاگربه‌ست و به سه‌رۆك وه‌زيرانى توركياى راگه‌ياندووه، چه‌ندين ساڵ وتوێژ باشتره له سه‌عاتێك شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى چه‌كدارى".