وەزارەتی ناوخۆی عێراق: مانگی داهاتوو کەیسی ئەمنیی 9 پارێزگا لە ئەستۆ دەگرین

وەزیری نێوخۆی عێراق رایگەیاند کە وەزارەتەکەی مانگی داهاتوو کەیسی ئەمنیی 9 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق لەئەستۆدەگرێت.

محەممەد سالم ئەلغەبان، وەزیری نێوخۆی عێراق لە راگەیەندراوێکدا جەختیش دەکات کە:

"ئەنجامدانی تەقینەوە و رووداوە تیرۆریستییەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ساڵی رابردوو بە رێژەی 38% کەمیکردووە و ژمارەکە لە 4788 رووداوی تیرۆریستیی بۆ 2491 رووداوی هاوشێوە کەمیکردووە".

محەممەد ئەلغەبان گوتیشی "وەزارەتی نێوخۆ ناوەڕاستی مانگی داهاتوو کەیسی ئەمنیی 9 پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق لەئەستۆدەگرێت".

وەزیری نێوخۆ هاوکات لە بارەی پایتەختی عێراقەوە دڵنیایی دا کە "هەڕەشەی لەسەر نییە، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە تەواو سەقامگیر نییە و بەپێی بڕیاری لیژنەیەکی ئەمنیی تایبەتی وەزارەت پلانێک دارێژراوە بۆ پێسپاردنی کەیسی ئەمنیی بازنەی دەورووبەری بەغدا لە شەش مانگدا بە وەزارەتی نێوخۆ".

ئەمە لە کاتێکدایە کەیسی ئەمنیی نێو شارەکانی عێراق بە پایتەختیشەوە تا ئێستا لە ئەستۆی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانە کە سەر بە سوپای عێراقە نەک وەزارەتی نێوخۆ.