رەوشی شارۆچكەی جزیرێ ئاڵۆزتربووە
دوو كارمەندی حكوومەت لە لایەن پەكەكەوە كوژران
K24- باكووری كوردستان
لە شارۆچكەی جزیرێی سەر بە پارێزگای شرناخ لە باكووری كوردستان فەرماندەیەكی پۆلیس و ئەندامێكی سەر بە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە لایەن گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ( پەكەكە)وە كوژران.
لە دەڤەری یافەسا لە شارۆچكەی جزیرێ، دوێنێ لەوكاتەی ھێزە ئەمنییەكانی ناوچەکە سەرقاڵی دروستكردنی دیوارێكی کۆنکریتی بوون گەریلاكانی (پەكەكە) دەستڕێژی گولەیان لێ کردن و لە ئەنجامدا فەرماندەیەكی پۆلیس و ئەندامێكی هەواڵگریی تورکیا كوژران.
دوای رووداوەكە ھاتووچۆ لە ناوچەکە قەدەغەكرا و تا درەنگانی شەوی رابردووش شەڕە تەقە لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و گەریلاكان بەردەوەم بوو، ئەمەش وایكرد رەوشی ناوچەكە بە تەواوی ئاڵۆزبێت و ھێزە ئەمنییەكانیش ئۆپەراسیۆنێكیان دەست پێكردووە و چەند كەسێك بە تۆمەتی ئەندامبوونیان لە ریزەكانی (پەكەكە) دەستگیركراون.