پەخشان زەنگەنە: له‌ پرسى جدی و چارەنووساز ژنی تێدا نیە

جیاكاری ژن و پیاو كێشەیەكی مێژووییە.

K24 – ھەولێر:

ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە ھەرێمی كوردستان، پەخشان زەنگەنە، رايگه‌ياند، لە ھەرێمی كوردستاندا، كە ھاتە سەرمەسەلەی جدی و چارەنووساز ژنی تێدا نیە.

لە میانی به‌شداريكردنى له‌ بەرنامەی باسی رۆژی كوردستان24، پەخشان زەنگەنە، لەباره‌ى پەراوێزخستنی ژنان لە ناوەندی بڕیاردان لە ھەرێمی كوردستان و پێدانی پۆست بە ژنان گوتی: "كاتێك باسی پۆست دەكەین راستەوخۆ پیاوەكان دێنە بەرچاو. پۆستەكانی ئیداری زۆرینەی حزبەكان دایدەنێن".

گوتیشی: "ژن لە سەركردایەتی حزبەكاندا ھەن لە كۆنگرەكانیان ژنان دەچنە سەركردایەتی و ھەندێك بە كۆتا ھەندێكیان شانازی بە ژنەكانیان دەكەن دەڵێن بێ كۆتا چووەتە سەركردایەتی، بەڵام كە ھاتە سەر مەسەلەی چارەنووساز و جدی سەیر دەكەی ژنی تێدا نیە".

گوتيشى: "ئەو جیاكارییە دەگەڕێتەوە بۆ پاشخانی مێژوويى كە ماوەتەوە، ژن و پیاو جیاوازیان ھەیە. ئەوانەی لەگەڵ وشەی جێندر ناتەبان ھەر ئەوانەن، لەو دیدەوە سەیری دەكەن و تەفسیری بۆ دەكەن".

پەخشان زەنگەنە ئاماژەى بۆ ئه‌وه‌شكرد، كێشەی ژن و جیاكاری رەگەزی كێشەیەكی مێژووییە و ھەر لە كوردستاندا نیە ھەر لەسەرەتایی درووستبوونی مرۆڤایەتیەوە ھەیە. "بە حوكمی ھەندێك وەزیفەی ژنانەوە  تا ھات كەڵەكە بوو تا وایلێھات رەگوڕیشەی ئەوتۆی لە كلتوردا چەسپاندووە و بووه‌تە بەشێك لە كلتور".

سەبارەت بە ئەرك و رۆڵی سەنتەر و رێكخراوەكانی ئافرەتان و ژنان لە كوردستاندا، پەخشان زەنگەنە گوتى: "بە قەناعەتەوە دەڵێم ئەو رێكخراوانە رۆڵی كاریگەریان ھەبووە لە گەیاندنی پرسەكانی ژنان. بەر لە راپەڕین و دوای راپەڕینیش".

ئەوەشى خسته‌ڕوو، دوای راپەڕین ئەو سەنتەرو رێكخراوانە، ژمارەیان زۆر بوو لە ناو كۆمەڵگەی كوردستان و توانیان شارەزایی لە كاركردن پەیدا بكەن، رەنگە گلەیی ئەوە ھەبێت كە پێویست بكات شێوازی كاركردنیان بۆ ئەو قۆناغە نوێ بكەنەوە.