به‌ ڤیدیۆ: شیكردنه‌وه‌ی چامپیۆنس لیگ..شەوە پڕگۆڵەکەی ریال مەدرید

شاختار به‌ره‌و یۆرۆپا لیگ و ماڵمۆش بۆ ماڵه‌وه‌

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می چامپیۆنس لیگ یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی گۆڵبارانی مالمۆی سویدی میوانی كرد و هاوشان له‌گه‌ڵ پاریس سان جێرمان به‌ پله‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ قۆناخی ١٦ سه‌ركه‌وتن. یانه‌ی شاختار به‌ره‌و یۆرۆپا لیگ چوو، یانه‌ی ماڵمۆش ماڵئاوایی له‌ هه‌موو شتێك كرد.

 

له‌ دوایین یارییه‌كانی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنس لیگ، له‌ یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یانه‌ی ڕیال مه‌درید به‌ 8 گۆڵی بێوه‌ڵام گۆڵبارانی یانه‌ی ماڵمۆی سوێدی كرد.

ئه‌م یارییه‌ به‌ شەوە پڕ گۆڵەکەی ریال مەدرید ناوزه‌د كرا، یارییه‌كه‌ لە خولەکی ١٢ بە گۆڵێکی کەریم بنزێما دەستی پێکرد، ئینجا دوای تێپەڕبوونی ١٢ خولەکی دیکە، بنزێما گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمارکرد، ھەرچی کریستیانۆ رۆناڵدۆشە لە خولەکی ٣٩ دەستی بە گۆڵەکانی کرد و مێرێنگی کردە خاوەنی سێ گۆڵ.

نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی تیپی میواندار کۆتایی ھات.

لە نیوەی دووەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاکو خولەکی ٥٨ سێ گۆڵی دیکەی تۆمارکرد و تەنیا لە ماوەی ٢٠ خولەکدا سوپەر ھاتریکی بۆ مەدریدییەکان کردە دیاری و بە تۆمارکردنی ١١ گۆڵ بووە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکە و ریکۆردێکی پێشووی خۆی شکاند و بووە یەکەم یاریزان لە مێژوودا لە قۆناخی کۆمەڵەکان ١١ گۆڵ تۆمار بکات.

لە خولەکی ٧٠ ماتیۆ کۆڤاسیچ بەشداریی کەرنەڤاڵی گۆڵکردنەکەی کرد و گۆڵی حەوتەمی تۆمارکرد.

دوای 15 خوله‌كی تر بەر لەوەی یارییەکە تەواو بێت، بنزێما گۆڵی ھەشتەمی یارییەکەی تۆمارکرد و بووە خاوەنی ھاتریک لە یارییەکەدا.

ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی ١٦ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرت و بۆ قۆناخی ١٦ سەرکەوت و مالمۆش بە بەدەستھێنانی سێ خاڵ ماڵئاوایی لە خولی پاڵەوانەکان کرد.

دوای یارییەکە رۆناڵدۆ دڵخۆشیی خۆی بە بردنەوە گەورەکەیان و ریکۆردەکەی راگەیاند و مانەوەی خۆی لە ریال دووپاتکردەوە.