سكۆلاری هه‌ڕه‌شه له یانه‌ی بارسێلۆنا ده‌كات
ڕووخساری ئه‌و یانه‌یه ده‌ركه‌وت كه له جامی جیهانی یانه‌كان ڕووبه‌ڕووی بارسێلۆنا ده‌بێته‌وه
K24 ـ ژووری هه‌واڵ
دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی گوانزۆی چینی له جامی جیهانی یانه‌كان به ڕابه‌رایه‌تی راهێنه‌ری به‌رازیلی سكۆلاری یانه‌ی كلۆب ئه‌مه‌ریكای مه‌كسیكی تێپه‌راند و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنا خۆی گه‌یانده قۆناخی پێشكۆتایی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 14 دیسه‌مبه‌ری 2015، لویز فلیپ سكۆلاری ڕاهێنه‌ری یانه‌ی گوانزۆی چینی كه پاڵه‌وانی كیشوه‌ری ئاسیایه له باره‌ی به یه‌كگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ یانه‌ی بارسێلۆنا له لێدوانێكدا كه له ماڵپه‌ری Globeـی به‌رازیلی بڵاو بوویه‌وه، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه سه‌ركه‌وتن له دژی ئه‌و یانه كه‌ته‌لۆنیاییه زۆر زه‌حمه‌ت نییه.
سكۆلاری ڕاهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌كانی به‌رازیل و پورتوگال ده‌شڵێت: "ئێسته ئێمه خه‌ونی گه‌وره‌مان هه‌یه و حه‌زمان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌وره‌كانیشه، بۆیه یاریزانه‌كان به‌وپه‌ڕی هیوا و ئومێده‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنای پاڵه‌وانی ئه‌ورووپا ئاماده‌ن.
ئه‌مساڵ وڵاتی ژاپۆن میوانداریی جامی جیهانی یانه‌كانی كردووه، یانه‌ی بارسێلۆنا له ڕۆژی 17ـی ئه‌م مانگه له به‌رانبه‌ر یانه‌ی گوانزۆی چینی یاریی ده‌كات.
یانه‌ی به‌شداربووه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌یش بریتی بوون له پاڵه‌وانی كیشوه‌ره‌كان كه پێكهاتوون له (ئۆكلاند سیتی نیوزله‌ندا، كلۆب ئه‌مریكای مێكسیكی، گوانزۆی چینی، ڕیڤه‌رپلێتی ئه‌رژه‌نتینی، بارسێلۆنای ئیسپانیا و مازیمبی كۆماری كۆنگۆ) هاوشان له‌گه‌ڵ یانه‌ی سانفرێس هیرۆشیمای میوانداریی پاڵه‌وانییه‌تییه‌كه به‌شدارن.