نرخی بلیتی یاری کلاسیکۆ خەیاڵیە
رۆژی 25ـی ئۆکتۆبەری داهاتوو یەکەم یاری کلاسیکۆی ئەم وەرزە 2026-2027 لە نێوان بارسێلۆنا و ریاڵ مەدرید لە گەڕی 10ـی لالیگا لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆ دەکرێت، یانەی بارسێلۆنا بە فەرمی فرۆشتنی بلیتی یارییەکان و نرخەکانی راگەیاند.
یانەی بارسێلۆنا قۆناخی یەکەمی فرۆشتنی بلیتەکانی یاری کلاسیکۆ کە تایبەت بوو بە ئەندامانی یانەکەی راگەیاند و تەنها 48 کاتژمێر بلیتیەکانی یارییەکە بەردەست بوون، نرخی بلیتەکانی یاری کلاسیکۆ بە نزیکەیی لە 649 یۆرۆ کە دەکاتە نزیکەی 1 ملیۆن و 25 هەزار و 420 دیناری عێراقی دەستپێدەکات و شوێنی ئەو بلیتانەش دەکەوێتە بەشی گۆشەی سەرەوەی یاریگاکە. هەروەها نرخی بلیتەکانی نزیک چیمەنی یاریگا دەگاتە 1149 یۆرۆ کە بەرامبەرە بە 1 ملیۆن و 815 هەزار و 420 دیناری عێراقی.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو قۆناخی دووەمی بلیتەکانی یاری کلاسیکۆ رابگەیەندرێت و چاوەڕێش دەکرێت بەهۆی زۆری خواست لەسەر بلیتی یارییەکە، نرخەکان زۆر زیاتر بەرز ببنەوە، هەرچەندە یانەکە دەیەوێت بازاڕی رەش کۆنترۆل بکات و رێگە نەدات خەڵکانێک بەبێ رەزامەندیان بلیتی کلاسیکۆ بفرۆشنەوە.