شرۆڤه.. كێ ده‌بێته جێگره‌وه‌ی خامه‌نه‌ئی
پرسی جێگره‌وه‌ی خامه‌نه‌ئی بووه‌ته رۆژه‌ڤی ئێران
K24 – هه‌ولێر:
پرسى جێگره‌وه‌ى رێبه‌رى باڵاى كۆمارى ئيسلامى ئێران، عه‌لى خامهنهئى، له رێگه‌ى لێدوانه‌كانى سه‌رۆك كۆمارى پێشووترى ئێران هاشمى رهفسنجانييهوه بوونه‌ته رۆژه‌ڤى ئێران.
سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ده‌ستنيشانكردنى بهرژهوهندييه باڵاكانى كۆمارى ئيسلامى، عەلی ئەكبەر ھاشمی ره‌فسنجانى، كه به به‌هێزترين كه‌سايه‌تى راديكاڵى خاوه‌ن هه‌ژموونى ئابوورى له ئێران ده‌ناسرێت، بەم دوایانە باسی لە دانانی گروپێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان بۆ دیاریكردنی جێگرەوەیەك بۆ پۆستی رێبەری و جێگرەوەی عەلی خامەنەئی كردووە.
ره‌فسنجانى ئەو باس لە ناڕازایەتی خۆی لە گۆڕینی مادەی 107ی ده‌ستوورى پێشووى ئێران دەكات، كه بیرۆكەی شورای رێبەری تێدا ھاتبوو، له‌و باره‌يه‌وه گوتى: "10ساڵ دوای دامەزرانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە بڕیار لەسەر گۆڕینی دەستووری ئێران درا، من لەگەڵ ئەوە نەبووم كە ماددەی دەستووری تایبەت بە رێبەر بگۆڕدرێت".
گوتيشى: "ھەر لەسەر ئەو بڕوایە بووم دەبێت لە جیاتی رێبەر، دەستەی رێبەری ھەبێت، بەڵام ئەو كات ملكەچی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی شارەزایان بووم".
ئەوە چەندمین جارە رەفسنجانی باس لە دامەزراندنی شورایەكی رێبەری دەكات.
له مانگی رابردووش‌دا ئەو قسەيهی رەفسنجانی لە كەشی سیاسی ئێران‌دا ھەرایەكی زۆریی نایەوە، كاتێك گوتی: "رەنگە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان لە داھاتوودا بە بێ بوونی شورایەكی باش نەتوانن بە باشی كارەكانی خۆیان راپەڕێنن، لە كاتی نەبوونی كەسێكی باش بۆ رێبەری بێگومان پێویستە پەنا بۆ دانانی شورایەكی باش بەرین".
لایەنگرانی خامەنەئیش ئەو قسەیەی رەفسنجانی بە بێ بنەما دەزانن.
ئه‌وان دەڵێن: "لە یاسا نوێیەكەی ئێران‌دا شێك بە ناوی شورای رێبەری نییە، بەڵام بێگومان كەسێكی دیاری وەك رەفسنجانی كە سەرۆكی ئه‌نجوومه‌نى دیاركردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە ئاگاداری یاساكانە".
ھەندیك باس لە مادەی 111ی یاسای نوێ ئێران دەكەن، كە بە گوێرەی ئەو یاسایە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان بەرپرسن لەوەی كەسێك دیاریبكەن بۆ جێگرەوەی رێبەر و تا كاتی دەستنیشانكردنی ئەو كەسەش، ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندیيەكانی ئێران كە رەفسنجانی سەرۆكایەتی دەكات بەرپرسە لە پێكھێنانی دەستەیەكی 3 كەسی كە پێكدین لە سەرۆك كۆمار، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و یەكێك لە ئەندامانی شورای چاودێری (نيگهبان) بۆ ئەوەی ئەركەكانی رێبەری راپەڕێنێت، بەڵام ئەو دەستەیە ناوی شورای رێبەری لێنانرێت.
ئەو كەسەش، بڕیارە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران بۆ پۆستی رێبەری دیاریبكات ، پێويستە دوولەسەر سێی دەنگەكانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبهێنێت.
ئەگەر ئەنجوومەنی شارەزایان لەسەر كەسێك بۆ جێگرەوەی رێبەر رێكنەكەوتن، ئەو دەستە سێ كەسییە دەمێننەوە، بەڵام ھەموو دەسەڵاتەكانی رێبەریان نییە. بۆ نموونە ناتوانن بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی ريفراندۆم بدەن، بەڵام ئەگەر سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران كە رەفسنجانی سەرۆكایەتی دەكات دەنگی لەسەر بدەن ئەو دەستەیە دەتوانێت سەرجەم دەسەڵاتەكانی رێبەر بەكار بهێنێت.
ئاماژەی سەرۆكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران بە ئاوەڵابوونی بوارە بۆ به یاسایی پێكھێنانی شورای رێبەری لە بارودۆخی ئێستای ئێران‌دا كە لە رووی تیۆرییەوە توانستى جێبه‌جێكردنى له ئارادايه و لە رەوتی دیاریكردنی رێبەریدا ئەو شورا سێ كەسیيە دەتوانن، ببنە جێگرەوەی رێبەر.
ناوی ھاشمی ره‌فسنجانى، ھاشمی شاھروودی، موجتەبا خامەنەئی وەكو جێگرەوەی رێبەر له ميدياى ئێران‌دا ده‌كه‌ونه به‌ر گوێ.
سه‌باره‌ت به ره‌فسنجانى ئه‌گه‌رى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و پۆسته باڵايه‌ى ئێران ئه‌سته‌مه، يان راستتر ئه‌گه‌رێكى دووره. چونكە لە ساڵی 2009 دا، له سه‌روبه‌ندى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژادنى خولی دەیەمی سەرۆك كۆماری ئێران كە گرژی و ئاڵۆزی لێكەوتەوە، تۆمه‌ت ئاراسته‌ى ره‌فسنجانى كرا. تەنانەت پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی شارەزایانیشی لێسهندرایەوە.
مەحموودی ھاشمی شاھرودی كە نزیكه‌ى 15 ساڵە وەك جێگرەوەی خامەنەئی ناوی دێت، بەڵام لە لایەن نوێنەرانی خولی شەشەمەوە وەك كه‌سێكى به ره‌چه‌ڵه‌ك عێراقيی ناوی ھاتووە. ھەندێك بەڵگە ھەیە كە ده‌يسه‌لمێنن به ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی نییە.
له ئێران‌دا، بە گوێرەی یاسا ئەو كەسەی بە ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی نەبێت، ناتوانێت لەسەر كورسی رێبەری دابنیشێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاڵى به‌هێزى شاهروودى ئه‌وه‌يه، كه كانديدى خامەنەئیە.
له ماوه‌ى رابردوودا، به تايبه‌تى دوای مردنی دیارترین رووحانی ئێران، مەھدەوی كەنیی، كەسێكی وەك ئەحمەد خاتەمی، ناوی شاھرودی وەك شایستەترین كه‌س بۆ پۆستى رێبه‌رى ناوى شاهروودى ده‌ستنيشانكرد.
موجتەبا خامەنەئی يه‌كێكى ديكه‌يه له كانديده‌كان و چانسى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و پۆسته‌ى زۆرتره.
یەكەمجار مەھدی كەروبی كاندیدی سەرۆك كۆماری لە ساڵی 2009 لە نامەیەكدا زۆر بەروونی ئاماژەی بە دەستێوەردانی موجتەبا خامەنەئی لە ھەڵبژاردنەكاندا كرد.
موجته‌با ئه‌و كه‌سه بوو، كه دوگوترێت له پشت پرۆسه‌ى ساخته‌كردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى ئێرانه‌وه بووه له به‌رژه‌وه‌ندى سه‌رۆك كۆمارى پێشوو مه‌حموود ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد.
له كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ناڕه‌زايه‌تى خه‌ڵكدا و درووستبوونى جوڵانه‌وه‌ى سه‌وزه‌كان به سه‌رۆكايه‌تى مه‌هدى كهرووبى، ركابه‌رى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد، یەكێك لە دروشمەكانی خۆپيشاندەران ئەوە بوو موجته‌با له كارى سياسى دووربخرێته‌وه و هه‌رگيز پۆستى باڵاى پێ نه‌درێت. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا خۆپيشانده‌ران دهيانگوت: "موجتەبا بمرێ و ھەرگیز رێبه‌رى نەبینی".
دەوترێ ناوی سادق لاریجانی و مسباح یەزدیش لە لیستەكەی جیگرەوەی رێبەریدا ھاتووە.
عەلی خامەنەئی 26 ساڵە رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە كاتی ھەڵبژاردنەكانی خولی ھەشتەمی ئەنجوومەنی شارەزایان، كە بڕیارە مانگی شوباتی 2016 لە ئێران بەڕێوە بچێت، تەمەنی خامەنەئی دەگاتە 84 ساڵ.
جێگەی ئاماژەیە، ئەندامێكی دەستەی بەڕێوبەری ئەنجوومەنی شارەزایان بە ناوی قوربانعه‌لی دوڕی نەجەفئابادی، گوتوویەتی: "خودا تەمەنی رێبەر درێژ بكات و بیپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پیویستە بیر لە داھاتوو بكرێتەوە".
پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەنجوومەنی شارەزایان وەك پێويست دەتوانێت رۆڵی خۆی لە دیاریكردنی رێبەردا بگێرێت؟
ئه‌گه‌رى ئه‌وه به دوور نازانرێت، خامهنهئى پێش مردنى وهسيهتنامهيهك له باره‌ى دانانى كه‌سێك وه‌ك جێگره‌وه‌ى خۆى به‌جێبهێڵێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر خامنەئی جێگرەوە بۆ خۆی دیاری بكات، ئەنجوومەنی شارەزایان ناتوانن بژاردەی ئەو لەبەرچاو نەگرن. چونكە روحوڵڵا خومەینی رێبه‌رى پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران بەر لە مردنی ئاماژەی بە عەلی خامه‌نەئی بۆ جێگرەوەی خۆی كردبوو، ھەرچەندە مەرجەكانی رێبەریشی تێدانەبوو، بەڵام لەسەر كورسی رێبەری دانیشت.
لە لێكدانەوەی رەوتی كاری ئەنجوومەنی شارەزایان سەبارەت بە چاودێریكردنی كارەكانی رێبەریدا ھێمایەكی ئەوتۆ بەدیناكرێت. ئەمەش وا دەكات ئاوڕێك لە چۆنێتی ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان بدرێته‌وه، كە پێویستە بە فیلتەری شورای نیگھباندا تێپەڕن.
ئەو6 ئەندامەی ئه‌نجوومه‌نى شاره‌زايان لە لایەن رێبەرەوە ھەڵدەبژێردرێن. ھەر لە لەیەن ئەویشەوە لادەدرێن. بە واتایەكی دیكە ھەر خودی رێبەرە، ناڕاستەوخۆ ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان دیاریدەكات.
ئەوە لە كاتێكدایە كە سوپای پاسداران، واته باڵى سه‌ربازى سه‌ر به مه‌قامى رێبهريى، رۆڵێكی گرنگیان لە دیاریكردنی جێگرەوەی رێبەر ھەیە. ئەو ھێزە تەواو پشتگیری خامەنەئی دەكات و ناوبراو وەك ھێزێكی سەركوتكار بۆ جیا بیرەكانی بەكاریان ده‌هێنێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەو ھێزە سەربازییە سەرجەم جومگە سیاسی و ئابوورییەكانی ناوخۆی ئێرانی داگیر كردووە.
لە بەرامبەریدا عەلی شادمانی جێگری ژووری پرۆسه‌كانى سەرجەم ھێزە چەكدارەكانی ئێران، بەڕێوەبەری به‌ره‌ى بەرگری ئێرانیشی بە سوپای پاسداران سپاردووە.
ئەو ھێزە لە دەرەوەی وڵاتیش وەك سوپای قودس پارێزگارى بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەكە و بە تایبەت لە عێراق و سوریادا ده‌كات.
ھەرچەندە تاكو ئێستا بە رواڵەت ھیچ كارێك بۆ دیاریكردنی جێگرەوەی رێبەر ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێكھاتەی ئەنجوومەنی شارەزایان لە لايەك، لادانی ناڕازیان و رەخنەگران لە لایەكیدیكەوە دەرخەری ئەوەیە جێگره‌وەی خامەنەئی بە گوێرەی یاسا دەبێت.