بارزانى: داگيركارانيش ئه‌و كاره‌يان نه‌كردووه‌

K24 – ھەولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى له‌ باره‌ى رێگرتن له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان په‌يامێكى بڵاوكرده‌وه‌.

بارزانى په‌يامه‌كه‌ى ئاراسته‌ى سەركردایەتی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كردووه‌.

له‌ به‌شێكى په‌يامه‌كه‌يدا، سه‌رۆكى هه‌رێم رايگه‌ياندووه‌، "جێگەی دەستخۆشییە كە سەرباری هەوڵی هەندێ لایەنی بەناو كورد بۆ ڕێگەگرتن لە بەرزڕاگرتنی ئاڵا، ئێوە نەتانهێشت ئاڵای كوردستان بكەوێت و بە بەرزی مایەوە و سوپاستان دەكەم".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "رەفتاری ئەو لایەنە لەدژی كورد جێگەی شەرمەزارییە و لە راستیدا داگیركارانیش ئەو كارەیان نەكردووە ئەوەی ئەو لایەنە دەرهەق بە ئاڵای كوردستان دەیكات و دواجاریش شەرمەزاری و پەشیمانیان بۆ دەمێنێتەوە".

ده‌قى په‌يامه‌كه‌:

بەڕێزان لە سەركردایەتی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا

سڵاوێكی گەرم..

وەك هاووڵاتییەكی كورد زۆر بەوە دڵخۆشم كە كادیر و ئەندام و لایەنگر و هەوادارانتان لە ڕۆژئاوای كوردستان بە جۆش و خرۆشەوە ڕۆژی ئاڵای كوردستانیان بەرز ڕاگرت. جێگەی دەستخۆشییە كە سەرباری هەوڵی هەندێ لایەنی بەناو كورد بۆ ڕێگەگرتن لە بەرزڕاگرتنی ئاڵا، ئێوە نەتانهێشت ئاڵای كوردستان بكەوێت و بە بەرزی مایەوە و سوپاستان دەكەم.

رەفتاری ئەو لایەنە لەدژی كورد جێگەی شەرمەزارییە و لە راستیدا داگیركارانیش ئەو كارەیان نەكردووە ئەوەی ئەو لایەنە دەرهەق بە ئاڵای كوردستان دەیكات و دواجاریش شەرمەزاری و پەشیمانیان بۆ دەمێنێتەوە.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

19ـی 12ـی 2015